سامر غەزبان: وڵاتانی پیشەسازی لەو ماوەیەدا بەشێوەیەکی بێوێنە نەوتیان کڕیوە


وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەهۆی زۆری ئەو نەوتەی وڵاتانی پیشەسازی لە ماوەی رابردودا لە کۆگاکاندا هەڵیانگرتوە و خواست لەسەر نەوت بەشێوەیەکی بێوێنە دابەزیوە، پێشبینی دەکرێت نزمبونەوەی بەهای نەوت لە جیهاندا تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت.

سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە بە کەناڵی فەرمی عێراقییە (واع)ی راگەیاندوە، “دابەزینی بەهای نەوت بەم شێوەیەی ئێستا تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە وڵاتانی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێکیش رێککەوتون ئاستی هەناردەی نەوت تا رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل کەمبکرێتەوە، لەسەرەتاشدا بۆ ماوەی شەش مانگ رۆژانە 8 ملیۆن بەرمیل کەمدەکرێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری سەرەکی بەردەوامی دابەزینی بەهای نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، وڵاتانی بەکاربەر و پیشەسازی لەو ماوەیەدا بەشێوەیەکی بێوێنە نەوتیان کڕیوە و لە کۆگاکاندا هەڵیانگرتوە، بەگوێرەی توێژینەوەکانیش ئەگەر ململانێی وڵاتان و جەنگی وزە بەردەوام بێت بەهای بەرمیلێک نەوت لە 10 دۆلاردا دەمێنێتەوە.

دوێنێش وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگەیاند، له ‌مانگی رابردودا 103 ملیۆن و 114 هه‌زار و 911 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كراوه‌، كۆی گشتی داهاتیش بریتی بوه‌ له‌ ملیارێک و 423 ملیۆن دۆلار، نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتیش به‌تێكڕایی بە 13 دۆلار و 801 سه‌نت فرۆشراوە.