خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه جیهانییه‌‌كان بۆ ترلیۆنێك و ٩٠٠ ملیار دۆلار به‌رزبوونه‌ته‌وه‌

به‌پێی راپۆرتی په‌یمانگای نێوده‌وڵه‌تیی لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئاشتی له‌ ستۆكهۆڵم، سه‌باره‌ت به‌ خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌ جیهانییه‌كان له‌ ساڵی ٢٠١٩دا، به‌راورد به‌ ساڵی رابردووتر، خه‌رجییه‌كان له‌سه‌دا ٣،٦ زیادیان كردووه‌ و بۆ ترلیۆنێك و ٩٠٠ ملیار دۆلار هه‌ڵكشاون.  

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ خه‌رجییه‌كانی ساڵی ٢٠١٩، زۆرترین هه‌ڵكشانه‌ له‌ میانی ساڵێكدا له‌ خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كاندا له‌ ساڵی ٢٠١٠ به‌دواوه‌.

له‌ لێدوانێكدا لێكۆڵه‌ر له‌ په‌یمانگا‌ی نێوده‌وڵه‌تیی لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئاشتی له‌ ستۆكهۆڵم، نان تیان ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، له‌كاتێكدا كه‌ داتاكانی خه‌رجیی سه‌ربازیی جیهانیی له‌ ساڵی ٢٠١٠دا به‌راورد ده‌كه‌ین به‌ هه‌ڵكشان له‌ ساڵی ٢٠١٩دا له‌ هه‌مان بواردا، ئه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ زیادبوونه‌كه‌ له‌سه‌دا ٧،٢ه‌ و ئه‌مه‌ش له‌دوای قه‌یرانی ئابووریی جیهانیی له‌ ساڵی ٢٠٠٨ه‌وه‌ تا ئێستا، زۆرترین خه‌رجیی سه‌ربازییه‌.

له‌سه‌دا ٦٢ خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كان هی پێنج وڵاتن
هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، ساڵی رابردوو له‌سه‌دا ٦٢ی خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌ جیهانییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌مریكا، چین، هیندستان، رووسیا و سعوودیه‌وه‌ ئه‌نجامدراون.

خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ساڵی ٢٠١٩دا، به‌راورد به‌ ساڵی رابردووتر له‌سه‌دا ٥،٣ زیادی كردووه‌ و بووه‌ته‌ ٧٣٢ ملیار دۆلار. هاوكات خه‌رجییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌نێوان ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٩دا، له‌سه‌دا ١٥ دابه‌زیوه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ لێكۆڵه‌ر له‌ هه‌مان په‌یمانگا‌، پیته‌ر وێزمه‌ن تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵكشانی خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ٢٠١٨-٢٠١٩دا، نیشانده‌ری ركابه‌ریی نێوان ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كانه‌.

هاوكات خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كانی چین كه‌ له‌ دوای ئه‌مریكاوه‌ له‌ پله‌ی دووه‌مدایه‌، له‌نێوان ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٩دا، له‌سه‌دا ٨٥ زیادی كردووه‌ و بووه‌ته‌ ٢٦١ ملیار دۆلار. له‌ هه‌مان كاتدا خه‌رجییه‌كانی هیندستان له‌سه‌دا ٣٧ زیادی كردووه‌ و بووه‌ته‌ ٧١ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار.

له‌ راپۆرته‌دا لێكۆڵه‌رێكی دیكه‌ی په‌یمانگه‌كه‌، سایمه‌ن وێزمان باسی له‌وه‌كردووه‌ ده‌كرێت گرژییه‌كانی نێوان هیندستان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ پاكستان و چین و ركابه‌ریی نێوانیان، وه‌ك یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كانی هیندستان ته‌ماشابكرێت.

له‌ پاڵ چین و هیندستان-دا، ژاپۆن به‌ ئه‌نجامدانی خه‌رجیی سه‌ربازیی به‌ بڕی ٤٦ ملیۆن و ٦٠٠ هه‌زار دۆلار و كۆریای باشوور به بڕی‌ ٤٣ ملیار و ٩٠٠ هه‌زار دۆلار، دێن.
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی په‌یمانگای نێوده‌وڵه‌تیی لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئاشتی له‌ ستۆكهۆڵم، ئه‌ڵمانیا له‌ ساڵی ٢٠١٩دا به‌راورد به‌ ساڵی رابردووتر، خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا ١٠ زیادكردووه‌ و كردوویه‌تی به‌ ٤٩ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار. ئه‌ڵمانیا لەنێو ئه‌و ١٥ وڵاتانه‌ی كه‌ له‌ ٢٠١٨-٢٠١٩دا زۆرترین خه‌رجیی سه‌ربازییان ئه‌نجامداوه‌، له‌ڕووی زیادكردنی خه‌رجییه‌ به‌رگرییه‌كان له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدایه‌. له‌ ریزبه‌ندییه‌كه‌دا، ئه‌ڵمانیا دوو پله‌ سه‌ركه‌وتووه‌ و له‌دوای فه‌ڕه‌نساوه‌ دێت كه‌ به‌ بڕی ٥٠ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار، له‌ڕووی خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ له‌ پله‌ی شه‌شه‌مدایه‌.

راوێژكار له‌ په‌یمانگاكه‌، دیێگۆ لۆپێس دا سیلڤا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ ده‌كرێت به‌شێك له‌ زیادكردنی خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌، بۆ ئه‌گه‌ری ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن رووسیاوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن.

رووسیا له‌ڕووی خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ له‌ پله‌ی چواره‌مدا دێت له‌سه‌ر ئاستی جیهان

رووسیا خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ ساڵی ٢٠١٩دا به‌راورد به‌ ساڵی رابردووتر، له‌سه‌دا ٤،٥ زیادكردووه‌ و كردوویه‌تی به‌ ٦٥ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار، به‌وشێوه‌یه‌ش بووه‌ته‌ چواره‌م وڵات كه‌ زۆرترین خه‌رجیی سه‌ربازیی ئه‌نجامداوه‌.

هاوكات خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كانی سعوودیه‌ له‌سه‌دا ١٦ دابه‌زیوه‌ و بۆ ٦١ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار دابه‌زیوه‌.

په‌یمانگا‌ی نێوده‌وڵه‌تیی لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئاشتی له‌ ستۆكهۆڵم له‌ ساڵی ١٩٦٦دا دامه‌زراوه‌، له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌، راپۆرت و شیكاریی له ‌بواره‌كانی پێكدادانه‌كان، پڕچه‌ككردن، كۆنترۆڵكردنی چه‌ك و له‌ چه‌ك داماڵین بڵاوده‌كاته‌وه‌.