بازرگانی ئێران: رێكارەكانی ھەرێمی كوردستان لە بەشەكانی دیكەی عێراق بەھێزترن


سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێران و عێراق رایدەگەیەنێت، ھەموو دەروازە سنوورییەكانیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەكرێنەوە، بەڵام ناوچەكانی دیكەی عێراق جارێ بەداخراوی دەمێننەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە یەحیا ئالی ئیسحاق، سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێران و عێراق بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند، ھەرێمی كوردستان ھەموو رێكارە خۆپارێزییەكانی لە دەروازە سنوورییەكان پەیڕەو كردووە، ھەربۆیە دەرگای بازرگانیكردن لەگەڵ ھەرێم دەكرێتەوە.

بەگوتەی ئالی ئیسحاق، بەشەكانی دیكەی عێراق لە ناوچە عەرەبییەكان ئامادەكاری پێویستیان نەكردووەو رێكارەكانیان گونجاو نین، بۆیە جارێ دەروازە سنوورییەكانیان بە داخراوی دەمێننەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە دوای ماوەیەك داخستنیان بەھۆی كۆرۆناوە، دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ھەردوو مەرزی كێلێ و تەوێڵە دەكرێنەوە.