هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندوە، دوای هەڵسەنگاندنی مەیدانیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، بڕیارماندا بەهەڵوەشاندنەوەی بڕگەی (10) لە راگەیاندنی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، تایبەت بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا پەیوەست بە دیاریکردنی ژمارەی تاک و جوت بۆ هاتوچۆی ڕۆژانەی ئۆتۆمبێلەکان لە ڕۆژی 27ی ئەم مانگەوە، تا کاتێکی دیکە.
لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەش ئاماژە بەوەدراو، هۆکاری بڕیارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تائێستا هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی وەک پێویست نەکەوتونەتەوە کارو ئۆتۆمبێلی تاکسیش لەسەر بنەمای فەرمانی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بە سیستمی تاک و جوت کاردەکەن، هاوڵاتیان بۆ هاتوچۆ پشت بە خۆیان دەبەستن.
ئەوەش هاتوە، ئەم بڕیارە لە زەمینەیەکی گونجاو و لەبارتردا بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی سەرشەقامەکان و کەمکردنەوەی ڕوداوی هاتوچۆو ڕاگرتنی ژینگەی پارێزگاکەمان، جێبەجێ دەکرێت.