سلێمانی؛ لەبارەی كردنەوەی چێشتخانەكان، هۆڵی لەش جوانی و نۆرینگە پزیشكیەكان بڕیار دەدرێت


لیژنەی ئۆپەراسیۆنەكانی سلێمانی، چەند بڕیار و رێنماییەكی تایبەت بە ئاسایی كردنەوەی ژیانی هاوڵاتیان دەردەكات و رێنماییەكانی تایبەت بە مانگی رەمەزان تاوتوێ دەكەن تێیدا چەند شوێنێكی دیكە بۆ كار ئاسانی هاوڵاتیان دەكرێتەوە.

لیژنەی ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی تایبەت بە روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا، لەبارەی دەركردنی چەند بڕیار و رێنماییەكی تایبەت بە مانگی رەمەزانی پیرۆز كۆدەبنەوە، بەپێی زانیاریەكان بڕیار لەبارەی كردنەوەی (چێشتخانەكان، هۆڵی لەش جوانی و نۆرینگە پزیشكیەكان) دەدرێت.

ئەمەش لەكاتێكدا بڕیارە لە رۆژی شەممە (25/4/2020)  نۆرینگە پزیشكیەكان بەو مەرجەی سەرجەم رێنماییە تەندروستیەكانی تێدا جێبەجێ بكرێت، بكرێنەوە.

هەر ئەمرۆ بڕیار وایە، وەزارەتی ناوخۆ بڕیار لەبارەی قەدەغەی ھاتوچۆ بدات، كە وەزارەتی تەندروستی داوای كردووە قەدەغەی ھاتوچۆ درێژ بكرێتەوە، بەوپێیەی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی‌ پەتای‌ كۆرۆنا ھێشتا ماون.

لە 16ی نیسانی 2020، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەك هەنگاوێك بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕیاردرا قەدەغەی هاتوچۆ تا 23ی مانگ درێژ بكرێتەوە، لەگەڵ ئاسانكاری بۆ هاوڵاتییان، هەروەك بەشێكی زۆر لە دوكان و بازاڕەكانیش كراونەتەوە.