ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٠، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “مۆڵەت دراوە به کۆمپانیایەک بۆ ماوەی شەش مانگ پەتاتە لە دەرەوەی کوردستانەوە هاوردە بکات و لەباجی گومرگیش ببەخشرێت”.
ئاوێنه: رونکردنەوەیەکی پێویست لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ ڕای گشتی
لە چەند رۆژی رابردوودا زانیاریمان دەستکەوت کە مۆڵەت دراوە به کۆمپانیایەک بۆ ماوەی شەش مانگ پەتاتە لە دەرەوەی کوردستانەوە هاوردە بکات و لەباجی گومرگیش ببەخشرێت، بە ناوی ئەوەی کۆمپانیاکە پەتاتەکە وەک کەرەستەی خاوی دروستکردنی چپس و فنگەری پەتاتە بەکار دێنێت، لە کاتێکدا جووتیانی ئەم هەرێمە هەزاران دۆنم زەویان بە بەرهەمی پەتاتە داچاندووە و چاوەڕێن لە رێگای فرۆشتن وساغکردنەوەی بەرهەمەکەیانەوە قازانج بکەن.
لەم کاتەدا جووتیارانمان پێویستیان بەوە هەیە زەمینەی پێویست بڕەخسێنرێت بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، ئەرکی وەزارەتی کشتوکاڵە بەو پەڕی تواناوه پاڵپشتيان بكات بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەت بەرنامە و پلانی ووردی درێژخایەنی هەیە کە تێیدا چەندین میکانیزمی گونجاومان دەستنیشان کردووە بۆ رێگری کردن لەوەی بەرهەمی هاوردە بتوانێ کێبڕکێی بەرهەمی خۆماڵی بکات، چ بە قەدەغەکردنی هاوردە بێت لە کاتە پێویستەکاندا، چ بە زیاد کردنی باج بێت.
لە بنچینەدا کار و بەرپرسیارێتی وەزارەتی کشتوکاڵە بەپێی پێویستی ناوخۆ و دوای هەڵسەنگاندنی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ مۆڵەت بدات بە هەر بەرهەمێکی کشتوکاڵی لە حاڵێکدا ئەگەر بەرهەمی خۆماڵی نەتوانێ پێویستی ناوخۆیی پڕ بکاتەوە.
مۆڵەتى ئەم کۆمپانيايه بە گوێرەی یاسای ژمارە ٢٠ی ساڵی ١٩٩٨ دراوە، کە ئەویاسایە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ئینفاز نەکراوە و ناکرێ یاسایەک پەرلەمانی کوردستان ئینفازی نەکردبێت کاری پێبکرێت.
ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەمیشە دووپاتمان کردۆتەوە کە هەموو ئەو کارگە و کۆمپانیایانەی لە بواری پیشاسازی خۆراکدا کار دەکەن دەبێت بەرهەمی ناوخۆیی وەک کەرەستەی خاو بەکار بهێنن، بەو کارگانەشەوە کە بەشێکن لە کۆمپانیا ناسراوه جیهانیەکان و پابەند کراون بەوەی چەند جۆرێکی دیاریکراو بەرووبوومی کشتوکاڵی بەکاربهێنن و پێمان راگەیاندوون دەبێت تۆوی بەرهەمه دیاریکراوەکان بهێنن و لە کوردستان دایبچێنن، ئەمەش لە پێناو زیاد کردنی بەرهەمی ناوخۆیی و هاندانی جووتیاران بۆ داچاندنی زۆرترین رووبەری زەویەکانیان.
هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە رێگریمان کردووە لە هێنانەناوەوەی ئەو بەرهەمەو لە دەروازەى سنورى باشماخ رامانگرتووە. داواشمان لە وەزارەتی بازرگانی کردووە مۆڵەتەکەیان پووچەڵ بکەنەوە.
دووپاتیشی دەکەینەوە کە بەهیچ شیوەیەک وەزارەتی کشتوکاڵ ئاگاداری ئەو مۆڵەتە نییە، زۆر سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی و دڵسۆزى كارمەندانمان لەكەرەنتينەكانمان دەکەین لەبەرامبەر چاودێرى ورديان بۆ پاراستنى بەرهەمى ناوخۆيي.
لەگەڵ رێزدا
وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
2020/4/22