له‌هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 64 قه‌ڕه‌وێڵه‌یی تایبه‌ت به‌ كۆرۆنا ده‌كرێته‌وه‌


له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ٦٤ قه‌ره‌وێڵه‌یی ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ نه‌خۆشیه‌ گوازراوه‌كان و نه‌خۆشی كۆرۆنا.

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ١٥ی ئازاری ئه‌مساڵدا له‌سه‌ر ئه‌ركی كۆمه‌ڵێك بازرگانی خێرخوازی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان بناغه‌ی بنیاتنانی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ٦٤ قه‌ره‌وێڵه‌یی دانرا، دوای ته‌واو بوونی بیناكه‌، كه‌له‌سه‌ر دوو دۆنم زه‌وی دروستكراو و كۆی بیناكه‌ ٢ هه‌زار مه‌تره‌، بڕیاره‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت قوباد تاڵه‌بانی، وه‌زیرانی ته‌ندروستی و رۆشنبیری هه‌رێمی كوردستان مه‌راسیمی كردنه‌وه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

 له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ ئازاد مسته‌فا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ ٤ هۆڵی تایبه‌ت به‌ زانكۆی پزیشكی هه‌ڵه‌بجه‌، لای چه‌پی نه‌خۆشخانه‌كه‌ تایبه‌ت كراوه‌ به‌ نه‌خۆشیه‌ گوازراوه‌كان، هاوكات به‌شێكی تریشی ده‌توانرێت دوای كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسه‌كه‌ تایبه‌ت ده‌كرێت به‌ سووتاوی و هۆڵی قه‌سته‌ره‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ٥ ژووری تایبه‌ت كراوه‌ به‌ ژووری چاودێری چڕی پزیشكی كه‌ ٢٠ ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكردی تێدایه‌.

نه‌خۆشخانه‌كه‌ پێك هاتووه‌ له‌ یه‌كه‌كی كارگێڕی، به‌شێك بۆ كاره‌بایی و میكانیكی، شوێنی دكتۆره‌كان، په‌رستاره‌كان، به‌شی تاقیگه‌، له‌گه‌ڵ ٣٢ ژوور تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشه‌كان كه‌ تێیدا ٥ ژووریان تایبه‌ت ده‌بن به‌ چاودێری چڕی پزیشكی كه‌ ده‌ستشۆر و سه‌رشۆر و ته‌والێتی تایبه‌ت به‌ خۆی تێدا ده‌بێت.