کشتوکاڵی سەرمایەدارانەو کۆڤیدی ١٩: ئاوێتەیەکی مەرگهێنەر

وەرگێڕان: زانیار عومرانی

ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا، تەواوی دنیای تووشی سەرسوڕمان کردووە، بەڵام دەوڵەتەکان لەبری بەرەنگاربوونەوەی بنەمایی لەگەڵ ئەم پاندێمیە جیهانییە، فۆکوس دەخەنە سەر ڕێکارە ئاوارتەییەکان.



ڕاب واڵاس، زیندەوەرزان، لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ گۆڤاری مارکس ٢١دا، سەبارەت بە پێوەندیی توندوتۆڵی نێوان ڤایرۆسە نوێکان، بەرهەمهێنانی پیشەسازی خۆراک و لۆژیکی قازانج‌ویستیی کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان، هەندێ شرۆڤە و لێکدانەوە دەهێنێتە ئاراوە. ئەو لە مەترسییەکانی کۆڤیدی ١٩، بەرپرسیارێتیی کشتوکاڵی بازرگانی و ڕێگەچارە بەردەوام و درێژماوەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نەخۆشییە تەشەنەسێنەکان، دەدوێت. ڕاب واڵاس نووسەری کتێبی ”کێڵگە گەورەکان، ئانفلۆنزای گەورە بەدی دەهێنن”ە.

– ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا چەندە مەترسیدارە؟

واڵاس: ئەم بابەتە گرێدراوی ئەوەیە کە لە کامە قۆناغی زەمەنیی تەشەنەی ناوچەیی کۆڤیدی ١٩ دا جێمان گرتبێت: قۆناغە بەراییەکان، خاڵی تەشق، یان ئەوکاتەی کار لە کار ترازاوە؟ خزمەتگوزاریی تەندرووستی گشتیی لە دەڤەری ئێوە چەندە کارامەیە؟ ئاماری دانیشتووناسی (دیمۆگرافی)تان بە چ شێوەیەکە؟ تەمەنتان چەندە؟ گەلۆ لە ڕووی سیستەمی بەرگرییەوە بەشێکن لە گرووپە مەترسیدارەکان؟ دۆخی تەندرووستیتان چۆنە؟ ئایا جنێتیکی بەرگریی ئێوە، واتە جنێتیکی ژێرخانی پەرچەکردارەکانی سیستەمی بەرگریی لەشتان لە هەمبەر ئەم ڤایرۆسەدا توانای خۆڕاگری هەیە یان نا؟



– گەلۆ دەکرێ بڵێین ئەم هەراوهۆریایەی لەسەر ئەم ڤایرۆسە هەیە، تەنیا دەکەونە چوارچێوەی تاکتیکەکانی تۆقاندنەوە؟

نا، بە هیچ شێوەیەک بەم شێوەیە نییە. لە ئاستی دانیشتوواندا، ڕێژەی مردنی ئەم ڤایرۆسە لە دەسپێکی بڵاوبوونەوەیدا لە ڤووهان لەنێوان ٢ تا ٤ لەسەد لە هەڵبەز و دابەز بووە. لە دەرەوەی ڤووهان، وا دیارە ڕێژەی مردن دابەزیوە بۆ یەک لە سەد و بگرە کەمتریش، بەڵام دیارە لە هەندێک شوێن لەوانە ئیتالیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەرزبوونەوەی لەناکاو بەخۆیەوە دەبینێت. ڕێژەی مردنی کۆڤیدی ١٩ ناکرێ لەگەڵ نموونەکانی تری وەک ڕێژەی مردنی سارس (سەدا ١٠)، ئەنفلۆنزای ئیسپانی (سەدا پێنج تا ٢٠)، ئەنفلۆنزای باڵندەکان (سەدا ٦٠) یان ئێبۆلا (سەدا ٩٠) بەراورد بکرێت. بەڵام بە دڵنیاییەوە ڕێژەی مردنی لە ڕێژەی مردنی ئەنفلۆنزای وەرزی زۆر زیاترە (سەدا ٠.١). بەمەشەوە، مەترسیی ئەم ڤایرۆسە کورت ناکرێتەوە بۆ ڕێژەی مردن، بەڵکوو ئێمە دەبێ لەگەڵ ئەو شتەی کە بە ڕێژەی هێرش بۆ کۆمەڵ یان تەشەنەی ڤایرۆس ناو دەبرێت، ڕووبەڕوو ببینەوە: ئەوەی کە ڤایرۆسەکە توانای بڵاو بوونەوەی لە نێو چەند لەسەدی دانیشتووانی جیهان هەیە؟



– دەکرێ وردتر باسی بکەن؟

لەم سەردەمەدا، خاڵە جۆراوجۆرەکانی تۆڕی جیهانیی گەشتیاری و سەفەرکردن، بەشێوازێکی بێ‌پێشینە بەیەکەوە بەستراونەتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڤاکسین یان چارەسەرێکی دژەڤایرۆسی تایبەت بۆ کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە و هەتا ئەم ساتە، پاراستنی مێگەلیش ( بەرگری بە کۆمەڵ) لە هەمبەر ئەم ڤایرۆسەدا پێکنەهێنراوە، تەنانەت بە ڕێژەی لەسەدا یەکی مردنیش دەتوانێ مەترسییەکی بەرچاو بێت. بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە زەمەنی شاراوەی نەخۆشییەکە کە دەتوانێ بگاتە دوو هەفتە و فراوانی ئەو بەڵگانەی کە لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە پێش لە دەرکەوتنی نیشانەکانی بەدەست هاتووە، دەگمەنن ئەو شوێنانەی کە لە جیهاندا لەم پاندێمییە پارێزراو بن. بۆ نموونە ئەگەر ڕێژەی مردن یەک لە سەد بێت و ئەم ڤایرۆسە چوار میلیارد کەس تووش بکات، ئەوا ٤٠ ملیۆنیان دەمرن. بەو پێیە ڕێژەیەکی کەم لە ژمارەیەکی گەورە، هەر دەرەنجامەکەی ژمارەیەکی بەرچاو دەبێت.



– ئەمانە ژمارەگەلێکی مەترسیدارن بۆ پاتۆژێنێک (نەخۆشخەر) کە بەو ڕادەیەش نەخۆشی‌هێنەر نییە…

وایە و لە بیرت نەچێ ئێمە تازە بە تازە لە قۆناغە بەراییەکانی ئەو تەشەنەسەندنەداین. گرینگە بزانین زۆرێک لە تەشەنەکەرە نوێکان بەدرێژایی پاندێمییەکە دەگۆڕێن. هێزی نەخۆشی‌هێنان (پاتۆژێنیستی)، تەشەنە کردن و بەرهەمهێناین تۆکیس یان هەردووکی لەوانەیە کەمتر ببنەوە یان لەپڕا بەرز ببنەوە. شەپۆلی یەکەمی پاندێمی جیهانیی ئەنفلۆنزا لە بەهاری ساڵی ١٩١٨، تەشەنەیەکی تا ڕادەیەک سووک بوو، شەپۆلی دووهەم و سێهەمی بوو کە لە زستانی ئەو ساڵە و ساڵی دواتری، بە ملیۆنان کەسی قڕ کرد.



– بەڵام ئەوانەی بەگومانەوە لە پاندێمی جیهانی دەڕوانن لەسەر ئەو باوەڕەن کە بە بەراورد لەگەڵ ئەنفلۆنزای وەرزیی ئاسایی، نەخۆشی کەمتر تووشی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا بوون و لە ئاکامی ئەوەدا مردوون. بۆچوونی ئێوە لەوبارەوە چییە؟

ئەگەر بسەلمێنرێ ئەم پاندێمیە جیهانییە بێ بنەما و درۆیە، من یەکەم کەس دەبم جەژن دەگرم. ئەم هەوڵانە بۆ ڕەتکردنەوەی مەترسیی کۆڤیدی ١٩ بە ئاماژەدان بە نەخۆشیە مەرگهێنەرەکانی‌تر، بەتایبەت ئەنفلۆنزا، جۆرە تەقەلایەکی ڕەوانبێژانەیە بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان لەسەر ئەم ڤایرۆسە نوێیەی کۆرۆنا.



– کەوابوو بەراوردکردنی لەگەڵ ئەنفلۆنزای وەرزی ئەوەندەش درووست نییە…

بەراورد کردنی دوو پاتۆژێن لە دوو ئاستی جیاواز لە چەمانەی پاندێمییدا واتایەکی وەهای نییە. بەڵێ، ئەنفلۆنزای وەرزی، بە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری دنیا تێوە دەگلێنێ و بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی ڕێکخراویی تەندرووستی جیهانی، ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی ٦٥٠ هەزار کەس. بەمەشەوە، تازە لە دەسپێکی پاندێمی کۆڤیدی ١٩داین و بەپێچەوانەی ئەنفلۆنزا، نە ڤاکسینمان هەیە و نە پاراستنی مێگەلی (بەرگری بە کۆمەڵ) کە بتوانین لە خێرایی گواستنەوەی کەم بکەینەوە و پارێزگاری لە لاوازترین گرووپەکانی نێو کۆمەڵ بکەین.

– تەنانەت ئەگەر ئەم بەراوردکارییەش بە لاڕێماندا ببات، هەر دووی ئەم نەخۆشییانە ڤایرۆسین و لە گرووپێکی تایبەتیی ڤایرۆسەکانەوە سەریان هەڵداوە، واتە ئەو ڤایرۆسانەی RNA یان هەیە. هەردووکیان دەتوانن سەرچاوەی نەخۆشی بن. هەردووکیان کاریگەری لەسەر دەم و قوڕگ و هەندێجار سییەکان دادەنێن. هەردووکیان زۆر گوازەرەوەن.

ئەمانە لێکچوونی ڕووکەشین کە خاڵە سەرەکییەکان لە پێوەند بە بەراوردکاریی نێوان دوو پاتۆژێن لە بەرچاو ناگرن. ئێمە شتی زۆر لەسەر داینەمیکی ئەنفلۆنزا دەزانین، بەڵام لەسەر کۆڤیدی ١٩ یەکجار کەم. نەناسراوەکان زۆرن. لەڕاستییدا تەنانەت دەرفەتی ناسینی زۆرێک لە ڕەهەندە جیاجیاکانی کۆڤیدی ١٩ هەتاکوو تەشەنەی تەواو نەگاتە ئەنجام و کۆتایی پێ نەیەت، نایەتە دی. جیا لەمانە، مژارەکە بەرامبەرکێی کۆڤیدی ١٩ و ئەنفلۆنزا نییە، بەڵکوو ئێمە لەگەڵ کۆڤیدی ١٩ ”و” ئەنفلۆنزا ڕووبەڕووین. دەرکەوتنی تەشەنا فرەجۆرەکان کە توانایی پاندێمی‌بوون لەسەر ئاستی دنیا و هێرش بۆ کۆمەڵە مرۆییەکان بەشێوەی ئاوێتە و لێکتەندراویان هەیە دەبێ یەکەمین و گرینگترین نیگەرانی ئێمە بێت.



_ ماوەی چەند ساڵێکە ئێوە سەبارەت بە پاندێمیە جیهانییەکان و هۆکارەکانیان توێژینەوە دەکەن. لە کتێبەکەتان بەناوی ”کێڵگە گەورەکان، ئانفلۆنزای گەورە بەدی دەهێنن”، هەوڵ ئەدەن پەیوەندییەک لەنێوان شێوازەکانی کشتوکاڵ، کشتوکاڵی ئۆرگانیک و پاندێمیی ڤایرۆسی دروست بکەن. تێگەیشتنی ئێوە لەم هێڵ و لێکگرێدانەوانە چییە؟

مەترسیی ڕاستەقینەی هەر تەشەنەیەکی نوێ، پێنەگەیشتن یان باشتر بڵێم خۆبواردنی بەرژەوەندی‌تەوەرە لە تێگەیشتن لەم خاڵە کە هەر کۆڤیدێکی ١٩ ی نوێ، کەیسێکی جیاواز و لێکدابڕاو نییە. دەرکەوتنی لەپەسای ڤایرۆسەکان پێوەندی نزیکی هەیە لەگەڵ بەرهەمهێنانی خۆراک و لۆژیکی قازانج‌ویستی کۆمپانیا چەندنەتەوەییەکاندا. هەرکەس بیهەوێ تێبگات بۆ ڤایرۆسەکان خەریکن مرترسیدارتر دەبن، دەبێ سەرچەشنی پیشەسازیی کشتوکاڵ و بەتایبەت‌تر، ئاژەڵداری لێک بداتەوە. ئێستە، بە قەد ژمارەی پەنجەکانی دەست نابن ئەو دەوڵەت و زاناگەلەی کە ئامادەن ئەم کارە بکەن و زۆرینە ڕێک بەپێچەوانەی ئەمە دەجووڵێنەوە. کاتێک ڤایرۆسە نوێکان بڵاو دەبنەوە، دەوڵەتەکان، میدیاکان و تەنانەت زۆربەی ڕێکخراوە پزیشکییەکان، هێندە لەسەر هەر دۆخێکی ئاوارتەی جیا لەیەک ورد دەبنەوە کە ئەو هۆکارە بنچینەییانە پشتگوێ دەخەن کە دەبێتە هۆی ئەوەی چەندین پاتۆژێنی پەراوێزخراو لەناکاو یەک لە دوای یەک لەسەر ئاستی دنیادا بڵاو ببنەوە.



– کێ تاوانبارە؟

وەک وتم کشتوکاڵیی پیشەسازییانە، بەڵام لە ڕووبەرێکی بەرفراوانتردا هەندێ هۆکاری تریش کاریگەرن. سەرمایە خەریکە ڕووتاندنەوە و هەڵڵووشینی زەوی تا دوایین خاڵی دارستانە کۆنەکان و مەزرای وردەداراکان لە هەموو جیهاندا دەباتە پێش. ئەم جۆرە لە تەرخانکردنی سەرمایە دەبێتە هۆی سڕینەوەی دارستانەکان و ئەو گۆڕانکارییانە کە دەبنە هۆی دەرکەوتنی نەخۆشی جیاجیا. لە ئەنجامدا، ئەو پاتۆژێنانەی کە پێشتر لە دڵی سرووشتدا نێژرابوون، بە ناو ئاژەڵداری خۆماڵی و کۆمەڵە مرۆییەکان دا شۆڕ دەبنەوە. بەکورتی، ناوەندەکانی سەرمایە واتە شوێنگەلێکی وەکوو لەندەن، نیویۆرک و هۆنگ‌کۆنگ، دەکرێ بە ناوەندگەلی سەرەکیی قەیران لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیانە دابنێین.



– ئەم پرسە بۆ کام یەک لە نەخۆشییەکان دەشێت؟

لەم قۆناغەدا، هیچ پاتۆژێنێک نییە کە بێ پێوەند بێت بە سەرمایەوە، تەنانەت لاوەکی‌ترینەکەشیان بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندی بە سەرمایەوە هەیە. ئێبۆلا، زیکا، ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا، تای زەرد، جۆرەکانی ئەنفلۆنزای باڵندە و تای بەرازیی ئەفریقی زۆرێک لەو پاتۆژێنانەن کە ڕێگەی خۆیان لە دڵی دوورەدەست‌ترین سەرزەوییەکان بەرەو پەراوێزی شارەکان، گەورەشارەکان و دواجار بەرەو تۆڕی سەفەرکردنی جیهانی دەکەنەوە.



– ڕۆڵی کۆمپانیا چەندنەتەوەییەکان لەم پرۆسێسەدا چییە؟

گۆی زەوی لەم قۆناغە زەمەنییەدا زیاتر گۆی کێڵگەکانە. کشتوکاڵی بازرگانانە دەیهەوێ دەست بەسەر بازاڕی خۆراکدا بگرێت. تا ڕادەیەکی زۆر، کۆی پڕۆژەی نیولیبراڵ وەستاوە لەسەر پاڵپشتیی لە چەپاندن و تاڵانی سەرچاوەکان و زەوییەکانی وڵاتانی لاواز کە لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە کە لە پێشکەوتووترین وڵاتە پیشەسازییەکاندا هەڵکەوتوون، ئەو ئامانجە دەپێکن. لە ئەنجامدا، زۆرێک لەو پاتۆژێنانەی لە دارستانە کۆنەکاندا نێژراون، خەریکن بەر دەبن و دەبن بە هەڕەشە لەسەر هەموو جیهان.



– لە زۆرێک لە میدیاکاندا بانگەوازی ئەوە دەکرێت کە خاڵی دەستپێکی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا، بازاڕێکی فرۆشتنی ئاژەڵە سەیروسەمەرەکان بووە لە ڤووهانی چین، پێتوایە ئەو قسەیە ڕاست بێت؟

هەم بەڵێ و هەم نا. هەندێ سەرەداو هەن لەسەر کۆمەڵێک شوێن کە ئەو قسەیە پشتڕاست دەکەنەوە. شوێنپێگرتنی یەکەمین نەخۆشەکان، لێکۆڵیاران بەرەو بازاڕی خۆراکی دەریایی لە ڤووهان پەلکێش دەکات، ئەو جێگەیەی کە شوێنی فرۆشتنی ئاژەڵە دڕندەکانە. بەڵام ئێمە تا کوێ و تا کامە خاڵ دەبێ بڕۆینە دواوە و شوێنپێ ئەم نەخۆشیە بشۆپێنین؟ دۆخی ئاوارتە کەی دەستی پێکرد؟ فۆکوس لەسەر ئەم بازاڕە دەبێتە هۆی پشتگوێخستنی ئاخێزگە و هۆکاری فرۆشتنی ئاژەڵە هۆڤەکان و ئەو سەرمایە زۆر و بۆرەی بۆیان تەرخان دەکرێت. لە ئاستی جیهانییدا و هەروەها لە چین، خواردن و خۆراکی ئاژەڵانی دڕندە تا دێ زیاتر بە فەرمی دەناسرێت و خەریکە دەبێتە بەشێک لە ئابووری. بەڵام پێوەندیی ئەوە لەگەڵ کشتوکاڵی پیشەسازی لەوەی کە تەنیا دەستیان لە تۆبەرەی پارەیەکدا بێت واوەترە. هەروا کە بەرهەمهێنانی پیشەسازیی بەراز، مریشک و هاوشێوەکانی‌تری بەرەو هەناوی دارستانە کۆنەکان ڕۆ دەچێت، دابینکەرانی خۆراکە دڕندەکان دەخەنە ژێر گوشار تا بۆ ڕاوی زیاتر بڕۆنەوە بۆ نێو قووڵاییەکانی دارستان؛ لە ئاکامدا، ئەگەری بەرکەوتن لەگەڵ پاتۆژێنە نوێکان لەوانە کۆڤیدی ١٩، بەرز دەبێتەوە.



– هەر کە ڤایرۆسێک لە وڵاتێک دەدۆزرێتەوە، دەوڵەتەکان لە هەموو جیهاندا بە دانانی ڕێوشوێنی تەمێ‌کارانە و سەرەڕۆیانە بەرپرچی دەدەنەوە لەوانە وەک قەرەنتینەی زۆرەملێی تەواوی دەڤەرێک یان شارێک. گەلۆ ئەم ڕێوشوێنە توندوتۆڵانە پاساو دەکرێن؟

کەڵکوەرگرتن لە تەشەنەی نەخۆشی بۆ تاقیکردنەوەی نوێترین ڕێوشوێنی کۆنتڕۆڵیی سەرەڕۆیانە ئەویش پاش تەشەنەسەندنی نەخۆشی دەرخەری هەوسارپچڕاوی سەرمایەدارییە لەکاتی ڕوودانی کارەساتدا. لە بواری تەندرووستی گشتیی، جەختی من لەسەر متمانە و هاوسۆزییە، کە وەک بگۆڕی ئیپیدۆمۆلۆژیک بەئەژمار دێن. بەبێ بوونی هەرکام لەمانە، یاسادانەران، پشتیوانیی جەماوەری لە کیس دەدەن. هەستی هاوگرتوویی و ڕێزی دوولایەنە، لە هۆکارە بنەڕەتی و کاریگەرەکانن بۆ بنیاتنانی هاوکارییەکی بەپێز، ئەمەشمان پێویستە بۆ ئەوەی لەپاڵ یەکتردا بەرگەی ئەم هەڕەشانە بگرین. خۆقەرەنتینەکردن بە پاڵپشتی گرووپە ڕاهێنراوە لۆکاڵەکان، دابینکردنی خۆراک و پێداویستییەکانی بنەماڵەکان و هەروەها بیمەی بێکاری (دڵنیایی) دەتوانێت زەمینە خۆش بکات بۆ گەشەسەندنی ئەم هاریکارییانە.



– لە ڕووبەڕوونەوە لەگەڵ داینامیکی ڕوولەگەشەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، داخوازی سۆسیالیستەکان دەبێ چی بن؟

کشتوکاڵیی بازرگانی وەک شێوازێکی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، گەر بۆ دەستەبەرکردنی تەندرووستی گشتیش بووبێت، دەبێ بۆ هەمیشە کۆتایی پێ بهێنرێت. شێوازی بەرهەمهێنانی خۆراک کە تێچووی زۆر و زەوەندی تێدا سەرمایەگوزاری دەکرێت، لەسەر لۆسەی ئەو ڕێبازانە وەستاوە وا مرۆڤایەتی دەخاتە مەترسییەوە، و هاوپێوەند لەگەڵ ئەم باسەی ئێمە، یارمەتیدەر دەبێ بۆ دەستپێکردنی پاندێمیەکی نوێی جیهانی و مەرگهێنەر.

ئێمە دەبێ داوا بکەین کە سیستەم خۆراک بکرێ بە سۆسیالیستی کە هەر لە سەرەتاوە پێش بە ئاماژەکانی دەرکەوتنی پاتۆژێنی وەها مەترسییدار بگرێت. ئەمەش پێویستی بە ڕێبازە ژینگەناسە کشتوکاڵییەکان هەیە کە ژینگە و ئەو جووتیارانە وا خۆراکی ئێمە دەستەبەر دەکەن، بپارێزێت. بیرۆکەی گشتیی ئەوەیە کە دەبێ ئەم درزە مێتابۆلیکانە کە ژینگەناسی ئێمە لە ئابوورییەکەمان جیا دەکاتەوە بڕەوێنینەوە. بەکورتی، دەبێ ئەم گۆی زەوییە ڕزگار بکەین.

 



***

دیمانەی گۆڤاری مارکس ٢١