قایمقامی سلێمانی هۆشداری‌ ده‌دات و رایده‌گه‌ێنێت هێشتا مه‌ترسیی كۆرۆنا نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه‌

قایمقامی سلێمانی هۆشداری‌ دا له‌وه‌ی‌ ھێشتا مه‌ترسی كۆرۆنا نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه‌ و له‌ ھه‌ر كاتێكدا ئه‌گه‌ری زیادبونی مه‌ترسیه‌كان ده‌كرێت، داواشی‌ له‌ ھاوڵاتیان و كاسبكاران كرد پابه‌ندی بڕیار و رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنا بن.

قایمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌دوای بڕیاری كردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ دووكان و قه‌یسه‌ری و گوزه‌ره‌كانی نێو بازاڕی شاری سلێمانی بۆ رێگریكردن له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌ر فه‌رمانی قایمقامی سلێمانی رۆژانه‌ دوای داخستنی بازاڕ و دووكانه‌كان تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی سلێمانی و لیژنه‌ھاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی شه‌قام و قه‌یسه‌ری و گوزه‌ره‌كانی نێو بازاڕ ده‌رمان رێژ ده‌كه‌ن و ھه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌ رۆژانی داھاتووشدا به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئاوات محه‌مه‌د، قایمقامی سلێمانی سوپاسی پابه‌ندبونی ھاوڵاتیان ده‌كات و داوا له‌ كاسبكاران و ھه‌موو ھاوڵاتیانی سلێمانی ده‌كات له‌كاتی بازاڕكردن و چونه‌ ده‌ره‌وه‌یان بۆ كڕینی پێداویستیه‌كان وه‌ك رێكارێكی خۆپارێزی خۆیان به‌ دووربگرن له‌ ھه‌موو جۆره‌ به‌ریه‌ككه‌وتن و كۆبوونه‌وه‌یه‌ك و ده‌ستكێش و ده‌مامك به‌كاربھێنن و به‌ته‌واوی پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان بن.

راشیگه‌یاند كه‌ ھێشتا مه‌ترسی كۆرۆنا نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه‌و له‌ ھه‌ر كاتێكدا ئه‌گه‌ری زیادبونی مه‌ترسیه‌كان ده‌كرێت، داواشی‌ له‌ ھاوڵاتیان و كاسبكاران كرد بۆ سه‌لامه‌تی خۆیان و ده‌وروبه‌ریان پابه‌ندی بڕیار و رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنا بن.