پارێزگاری سلێمانی راگەیەندراوێکی لەبارەی ئاساییکردنەوەی ژیانی هاوڵاتیان بڵاوکردەوە


هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیدا سەرپەرشتیی كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی ئارامیی شاری سلێمانی كرد و لەبارەی قۆناغی ئاساییکردنەوەی دۆخی بازاڕ و دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان گفتوگۆیان کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای سلێمانی لە كۆبونەوەكەدا هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ قۆناغی یەكەم و دوەمی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانیدا كراو بەرنامەو پلانی گونجاو بۆ قۆناغی سێیەم دانرا.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە قۆناغی یەكەمدا كە لە ٣٠-١-٢٠٢٠ ەوە لە پارێزگای سلێمانیدا دەستیپێكرد، پارێزگای سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بەرنامەیان بۆ چۆنێتی روبەڕوبونەوەی كۆرۆناو دابینكردنی پێداویستی‌و ئامێرو كەلوپەلی تەندروستی‌و لۆجیستیەكان‌و ئامادەکردنی ڕێنمایی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەو ڕێوشوێنەكانی كۆرەنتینەكردن‌و گەڵاڵەكردنی ڕێنماییە تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییەكان دیاریكرد، سەركەوتووانە حكومەتی خۆجێیەتی بە پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی خۆی بۆ هەر دۆخێكی نەخوازراو و لەناكاو، ئامادە بكات.

باس لەوەشکراوە، قۆناغی دوەم، قۆناغی خۆپارێزیی هاوڵاتیان‌و قەدەغەی هاتوچۆو وەستانی ژیانی گشتیی‌و كاركردن بو لەسەر پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی تاك‌و كۆمەڵگا، بە پشتیوانیی و بڕیارەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا، بە دیاریكردنی ڕێكارو ڕێنمایی تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامیی وردو زانستیانەو تەندروستیانە، بە خۆپارێزیی‌و خۆڕاگریی‌و پابەندیی هاوڵاتیان و بە گیانی بەرزی بەرپرسیارانەی یەكە كارگێڕییەكان‌و دامودەزگاكانی دەوڵەت لە هەمو سێكتەرەكاندا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، قۆناغی سێیەم، قۆناغی پاراستنی بژێویی‌و ئاسایشی ئابوریی خەڵك‌و کەرتی تایبەت، بە تەریبی لەگەڵ پاراستنی بەردەوامی ئاسایشی تەندروستیی‌و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنادا، لەم قۆناغەشدا وەك قۆناغەكانی تر پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و پابەندیی خۆپارێزیی‌و تاكپارێزیی‌و كۆمەڵگا پارێزیی هاونیشتمانانی خۆشەویست، وادەكات بتوانین هێدی هێدی، قۆناغ بە قۆناغ دەرفەتی زیاتری ژیانكردن‌و كارو كەسابەت‌و بژێوی هاوڵاتیان ڕێكبخەینەوەو بكەنەوە.

جەختیشکراوەتەوە، ئەو قۆناغە بە پابەندبونی تەواوی هاوڵاتیان دەبێت بە خۆپارێزییان‌و بە ڕێنماییە تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییەكانەوە، پێویستە خۆیان بۆ خۆیان ئەركی پاراستنی تەندروستی خۆیان لە پەتای كۆرۆنا بگرنە ئەستۆ، بۆ ئەوەی دامودەزگاكانی دەوڵەت بتوانن ڕێكارو ڕێنمایی پێویستیان بەپێی قۆناغەكە بۆ دیاری بكەن‌و دەرفەتی چارەسەركردن‌و پشكنین‌و كۆرەنتینەكردن‌و چاودێریكردنی تەندروستی‌و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی پەتاكە لەلایەن كەرتی تەندروستیەوە بڕەخسێت، یەكە كارگێڕیی‌و دامودەزگاكانی دەوڵەت لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بتوانن كایەكانی ژیان‌و سێكتەرە جیاجیاكانی بژێوی هاونیشتمانان لەژێر ڕێكارو ڕێنمایی وردو توندی تەندروستیدا جێبەجێ‌ بكەن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە دەزگاو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کرا، پشتیوانی تەواوی ئەم قۆناغە بن و هانی زیاتری هاوڵاتیان بدەن بۆ خۆپارێزیی بەردەوام.

هەمو لایەک ئاگادار کرانەوە لە هەرکارێکی زیادەڕەویی و سەرپێچیکردن و بەریەککەوتن و تێکەڵاوبون و دروستکردنی قەرەباڵغی لە هەر شوێنێکداو، ڕێکاری توندی یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

ئەوەش خراوەتەڕو، جەخت لەسەر پابەندبونی هاوڵاتیان و دامودەزگاکانی کەرتی گشتی و تایبەت بە کاتەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆو بڕیارو ڕێکارو ڕێنماییە کارپێکراوەکان، کرایەوە.

هاوکات تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردران، کە ڕۆژانە لەدوای داخستنی شوێنە ڕێگەپێدراوەکانی بازاڕەوە، تەواوی بازاڕەکان و شوێنە گشتیەکان دەرمانپژێن بکەن و پاکژبکەنەوە و پێویستە لەسەر هاوڵاتیان و کاسبکارانیش پاکوخاوێنی تەواوی شوێنەکانی خۆیان ڕاگرن.