قەدەغەی هاتووچۆ لە سلێمانی هەڵدەگیرێت

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، ”هەرچەندە مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی نەهاتووە، بەڵام ناچارن لەبەر خراپی دۆخی ئابووریی خەڵک قەدەغەی هاتووچۆ هەڵگرن”.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لد.سەباح نەسرەدین هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا، و رایگه‌یاند، ”بەهۆی خراپی بارودۆخی حکومەتی هەرێم کە نەیتوانیوە هاوکاریی هاوڵاتیان بکات لەم قەیرانەدا، ناچارن قەدەغەی هاتووچۆ بشکێنن، چونکە چیتر هاوڵاتیان ناتوانن بەرگەی ئەم دۆخە بگرن و لە دوو ڕۆژی داهاتووشدا دووکان و بازاڕەکان بە چاودێریی وردەوە دەکەنەوە”.

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی وتیشی، ”ڕێگەیان بە زیانێکی گەورە گرتووە، کە بەهۆی کۆرۆناوە توشی خەڵک بێت، داواشی لە خەڵکی کرد ڕێنماییە پزیشکییەکان جێبەجێ بکەن، چونکە هێشتا مەترسیی ڤایرۆسەکە نەڕەویوەتەوە ئەگەرچی لەژێر کۆنترۆڵدایە”.

لەبارەی ئەو پلان و بەرنامەیەی ئیدارەی پارێزگای سلێمانیش کە بڕیاربوو قۆناغ بە قۆناغ قەدەغەی هاتووچۆ هەڵگیرێ و دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، سەباح نەسرەدین وتی، کە بەهۆی بەدەمەوە نەهاتنی حکومەتی هەرێم لە هاوکارییکردنی خەڵک، ناچاربوون زووتر قەدەغەی هاتووچۆ بشکێنن تا خەڵکی لەژێر چاودێریی و ڕێنماییەکانی ئەواندا بچێتەوە سەر کار و کەسابەتی ڕۆژانەی خۆیان.

دوپاتیشیکردەوە کە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دووکان و بازاڕەکان لەژێر چاودێریی وردی قایمقامیەت و لیژنەکاندا دەکرێتەوە.

تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا١٣٠ تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەدا ماونەتەوە.