هەفتەی داهاتوو ڕێگە بەكردنەوەی بەشێكی تر لە دوكان و بازاڕەكانی سلێمانی ده‌درێت

قائیمقامی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر دۆخەكە لە باربێت هەفتەی داهاتوو ڕێگە بەكردنەوەی بەشێكی تر لە دوكان و بازاڕەكانی سلێمانی دەدەن.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 16 نیسانی 2020, لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانى، ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری بەشێك لە كاسبكارانی نێو بازاڕی شاری سلێمانی كۆبووەوە، كە داوایان كرد ڕێگە بەكردنەوەی دووكانەكانیان بدرێت.

لە بارەی داواكاری كاسبكاران قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: بەپێی پێویستی قۆناغەكەو رەوینەوەی مەترسیەكان هەنگاو بەهەنگاو كاردەكەن بۆ ئاسایی بوونەوەی ژیان و كردنەوەی بەشێكی تر لە دووكان و بازاڕەكانی سلێمانی, بەڵام ئەوەش بەپێی كۆمەڵێك ڕێكار و ڕێوشوێنی خۆپارێزی دەبێت، كە تێیدا مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئاستێكی باڵادا لەبەرچاو دەگیرێت.

ئاوات محەمەد وتیشی: نیگەرانین بەهۆی بڵابونەوەی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ زۆربەی كاسبكاران و پیشەوەران كارەكانیان لە دەستداوە و ڕووبەڕووی ڕەوشێكی دژوار بونەتەوە، ڕەچاوی ئەو ڕەوشە دژوارە دەكەن كە خەڵك ڕووبەڕووی بووەتەوە, بەڵام لە ئێستادا چاوەڕوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم دەكەن ڕێوشوێنی نوێ بڵاوبكاتەوە و كارئاسانی بۆ كاسبكاران و بەگشتی هاوڵاتیان بكات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كۆمەڵێك پێشنیار و ڕاسپاردەیان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە بۆ كردنەوەی شوێنەكان، بە مەرجی پابەند بوون بە ڕێنماییە تەندروستییەكان.

ئاوات محەمەد راشیگەیاند، هێشتا هەرێمی كوردستان لە بازنەی مەترسی كۆرۆنادایەو ئەگەر ڕەوشەكە لەباربێت و مەترسی زیاتر بڵابونەوەی ڤایرۆسەكە نەكرێت, هەفتەی داهاتوو بەپێی چەند مەرج و ڕێنماییەك ڕێگە بەكردنەوەی مەرجداری بەشێكی تر لە دوكان و بازاڕەكانی سلێمانی دەدرێت، بەڵام ئەوەش لەژێر چاودێریەكی چڕدا دەبێت و پێویستە كاسبكاران پابەندی هەموو ڕێكار و ڕێنماییە تەندروستیەكان بن.

وتیشی: هەموو ئەو شوێنانەی كە ڕێگە بەكردنەوەیان دەدرێت ئەگەر هۆكاربن بۆ كۆبوونەوە و تێكەڵاوبوون و بەریەككەوتنی هاوڵاتیان و پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان نەبن شوێنەكانیان دادەخرێت و ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەكرێنەوە،

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی ڕاشیگەیاند،  بۆ ڕێگەدان بە كردنەوەی ئەو شوێنانە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ چاوەڕێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆن و ئەگەر ڕەوشەكە لەباربێت هەفتەی داهاتوو بڕیار لە كردنەوەی بەشێكی تر لە دووكان و بازاڕەكانی سلێمانی دەدەن.