لە سلێمانی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ئاسانکاری تێدا دەکرێت


سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر گشتاندنێکی نوێ تایبەت بە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆ بڵاو دەکاتەوە و رێگە دەدەن بە کردنەوەی هەندێک لە دووکانەکانی تر کە پێداویستی هاووڵاتییان دابین دەکەن.

لە گشتاندنێکی نوێدا کە پارێزگاری سلێمانی بە راوێژ لەگەڵ قایمقامیەت و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی-دا ئامادەی کردووە، چەند رێنماییەکی نوێ بۆ کردنەوەی هەندێک لە دووکانەکانی ناو شاری سلێمانی بڵاو دەکاتەوە.

لە گشتاندنەکەدا کە خۆی لە هەشت خاڵدا دەبینێتەوە ئاماژە بەوە کراوە، خزمەتگوزارییەكانی پێداویستیەكانی خانووبەرە (ئاو و كارەبا)، كارگەكانی خواردەمەنیی ئامادەكراو، وەرشەی چاككردنەوەی سەتەلایت و داتاكردنەوە، خزمەتگوزارییەكانی ئۆتۆمبێل (رۆنگۆڕو پەنچەرچی)، وەرشەی چاككردنەوەی مۆبایل‌ و فرۆشتنی پێداویستی مۆبایل، شوێنی ئوتوی هەڵم، سەرتاشخانەكان، ماسی فرۆشیی و شوێنەكانی فرۆشتنی ماسی، كەبابخانە و برژاوەكان لە گەڕەکەکاندا دەکرێنەوە.

دەقی رێنماییەکانی لیژنەی بەرەنگاریی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاری سلێمانی:

١- مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنا لە سلێمانی و هەرێمی كوردستان‌ و جیهانیشدا بەردەوامن‌ و پێویستە هەموولایەك بە خۆپارێزیی تەواوەوە پابەندی هەموو رێنمایی‌ و رێكارە تەندروستیی‌ و كارگێڕیی‌ و ئەمنیەکان بن.
٢- قەدەغەكردنی تەواوی هاتوچۆ لە سەعات ٦ی ئێوارە بۆ ١٢ی شەو بەردەوامە و لە كاتەكانی تریشدا قەدەغەی هاتوچۆ درێژەی هەیە، تەنها لە حاڵەتی زۆر پێویستی دیاریكراودا، هاووڵاتییان دەتوانن بە پێ‌ لە سنووری گەڕەكەكەی خۆیاندا، (بە پابەندبوونی تەواویان بە رێنماییە تەندروستییەكانەوە)، پێویستیەکانیان دابین بکەن.
٣-ئەو بڕیار و بەیان و رێکارو رێنماییانەی لەلایەن لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا دیاریكراون، وەكو خۆیان جێبەجێ‌ دەكرێن.
٤- نووسینگە و دوكانی پێداویستیە كشتوكاڵییەكان لە سەعات ٨ی بەیانی بۆ سەعات ٢ی پاش نیوەڕۆ كراوە دەبن.
٥- نووسینگەكانی دراو و حەواڵەكردن، بەپێی رێنمایی‌ و رێكارەكانی قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، لەژێر چاودێری وردی تەندروستیی‌ و ئارامیدا، تەنها لەو كات‌ و شوێنانەی دیاریكراون دەكرێنەوە.
٦-بانكە ئەهلیەكان هەفتانە لە رۆژانی دووشەممە و سێ‌شەممە و چوارشەممەدا بەپێی رێنمایی‌ و رێكارە تەندروستییەكان لە سەعات ٩ی بەیانی بۆ سەعات ١ی نیوەڕۆ دەكرێنەوە.
٧- خزمەتگوزارییەكانی پێداویستیەكانی خانووبەرە (ئاو و كارەبا)، كارگەكانی خواردەمەنیی ئامادەكراو، وەرشەی چاككردنەوەی سەتەلایت و داتاكردنەوە، خزمەتگوزارییەكانی ئۆتۆمبێل (رۆنگۆڕو پەنچەرچی)، وەرشەی چاككردنەوەی مۆبایل‌ و فرۆشتنی پێداویستی مۆبایل، شوێنی ئوتوی هەڵم، سەرتاشخانەكان، ماسی فرۆشیی و شوێنەكانی فرۆشتنی ماسی، كەبابخانەو برژاوەكان، تەنها لە سنووری گەڕەكەكاندا (واتە شوێنەكانی ناو سەنتەری شار و ناو بازاڕ و مۆڵ‌ و بازاڕە داخراوەكان‌ و ئەو شوێنانەی كە لە رێنماییەكانی قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی-دا قەدەغەیان لەسەر دانراوە، ناگرێتەوە)، بەپێی ئەو ڕێنمایی‌ و رێكارانەی كە لە دوای دەرچوونی ئەم راگەیاندنەوە لەلایەن قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی-یەوە، بڵاودەكرێنەوە، لەسەر بنەمای بەردەوامبوونی قەدەغەی هاتوچۆو پابەندیی هاووڵاتییان‌ و پەیڕەوكردنی ڕێنماییە تەندروستیی‌ و كارگێڕیی‌ و ئارامییەكان، دەكرێنەوە.
٨- هەر خاوەن پیشەیەك پابەندی تەواوی بڕیار و رێنمایی‌ و رێكاری دیاریكراوی وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و قایمقامیەتی قەزاكان نەبێت، سزای یاسایی دەدرێت.