بەرهەمی خۆماڵی لە فەڕەنسا بەهۆی کۆڕۆناوە کەمی کردووە


بانكی ناوه‌ندیی فه‌ڕه‌نسا رایگەیاند، كۆی گشتیی به‌رهه‌می خۆماڵیی (GDP) له‌ سێ مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا، به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)ه‌وه‌، له‌سه‌دا شه‌ش كه‌میكردووه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا بانكی ناوه‌ندیی فه‌ڕه‌نسا ئاماژه‌ی بەوە داوە كۆی گشتیی به‌رهه‌می خۆماڵیی له‌ سێ مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا، به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێوه‌، له‌سه‌دا شه‌ش كه‌میكردووه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ ساڵی ١٩٤٥ه‌وه‌ به‌دواوه‌، خراپترین سێ مانگه‌ له‌ ئابووریی فه‌ڕه‌نسادا.

هاوکات له‌ دوایین ١٥رۆژی مانگی ئاداردا، چالاكییه‌ ئابوورییه‌كان به‌راورد به‌ هه‌مان قۆناغی ساڵی رابردوو، له‌سه‌دا ٣٢ دابه‌زیوه‌ و پێشبینی ئه‌وه‌شكراوه‌ به‌هۆی ئه‌و رێكارانه‌ی به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراونه‌ته‌به‌ر، كۆی گشتیی به‌رهه‌می خۆماڵیی له‌ هه‌ر پازده‌ رۆژێكدا، له‌سه‌دا ١،٥ دابه‌زێت.

به‌پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌ میدیای فه‌ڕه‌نسادا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌ له‌ كۆی گشتیی به‌رهه‌می خۆماڵییدا، وڵات تووشی سستیی بووه‌ له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌.