نرخی لیره‌ی‌ توركی‌ له‌ به‌رانبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌ دابه‌زیندایه‌


ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ دوو مانگه‌ به‌به‌رده‌وامی‌ نرخی لیره‌ی‌ توركی‌ له‌ به‌رانبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌ دابه‌زیندایه‌ و به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ به‌هاكه‌ی كه‌م بووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دۆخی ئابووری توركیا هێنده‌ی تر نا له‌بار كردووه‌، ئه‌م دۆخه‌ به‌هۆی‌ به‌رده‌وامی‌ كاریگەریی زیاتر لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و بازرگانان له‌و وڵاته‌ دروست كردووه‌.

به‌هۆی‌ بڵابوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشیی‌ كۆرۆنا له‌ توركیا و كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر داخستنی‌ زۆربه‌ی‌ سنوور و هێڵه‌كانی‌ ئاسمانی‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێسته‌ بۆ وڵاتێكی‌ وه‌ك توركیا وه‌رزی‌ گه‌شتیارییه‌ و زۆربه‌ی‌ داهاتی‌ ئه‌و وڵاته‌یش له‌سه‌ر گه‌شتی‌ گه‌شتیاران بووه‌ به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆی‌ كۆرۆناوه‌ ڕێژه‌ی‌ سه‌ردانیكه‌ران بوو به‌ سفر.

ئەمڕۆ سێشه‌م حه‌وتی‌ نیسان، موڕات سوڵتان له‌ بۆڕسه‌ی‌ باكوری‌ توركیا به‌ “وشه‌”ی‌ ڕاگه‌یاند، ئێسته‌ له‌ ئیستانبۆله‌وه‌ پێمان ڕاگه‌یاندرا كه‌ دۆلاری ئەمەریكا بەرزترین نرخی بەرانبەر لیرە تۆمار كرد و گۆرانكاری‌ به‌سه‌ردا هاتووه‌ و هەر 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 677 لیرەی توركیا ئاڵوگۆڕ كرا له‌ بۆرسه‌كانی‌ توركیا، داخستی‌ بازاڕیش به‌رانبه‌ر 675 لیره‌ ده‌بێت.

زیاتر گوتی‌، هۆكاری‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ لیره‌ به‌رانبه‌ر دۆلار بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كۆرۆنا به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ ته‌واوی‌ وڵات بڵابووه‌ته‌وه‌ و حكوومه‌ت دۆخه‌كه‌ی‌ شاردووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها نائارامیی بارودۆخی ناوخۆی توركیا و كەڵەكەبوونی ئەو قەرزانەی لە بانكە تایبەتەكانی جیهانی كردوویەتی ئه‌مه‌یش هۆكاری‌ ترن.

شایه‌نی‌ باسه‌ نرخی لیرە لە ژێر كاریگەریی سیاسەتەكانی ئەردۆغان و هەڵگیرساندنی جەنگی جۆراوجۆر لە لایەك و سیاسەتەكانی ناوخۆی لە لایەكی تر دابەزیوە، ئه‌م دابه‌زینه‌یش به‌رده‌وامه‌، ئێسته‌ خه‌ریكی‌ به‌هۆی‌ بڕیاره‌ نوێیه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌و وڵاته‌ نرخی‌ لیره‌ له‌ 700 نزیك بێته‌وه‌ به‌مه‌یش توركیا ده‌چێته‌ ناو كاره‌ستاتێكی‌ تر.

نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە لیرە لە  سەرەتای ساڵی 2019 سەرووی 520 لیرە بووە، سەرەتای 2018 بریتی بووە لە 375 لیرە. ئەو نرخە لە ساڵی 2017 بریتی بووە لە 280 لیرە، لە ساڵی 2015 بریتی بووە لە 266 لیرە و لە ساڵی 2014 نرخەكەی 200 لیرە بووە.