ئەمڕۆ کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ ماوەی 48 کاتژمێری قەدەغە هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی رایدەگەیەنێت کە ئەمڕۆ عەلوەی سەوزە و میوە لە سلێمانی دەکرێتەوە.
عەتا محەمەد، نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی راگەیاند “دوێنی لەگەڵ قائیمقامی سلێمانی کۆبووینەوە و پێ راگەیاندین لە ئەمڕۆ کاتژمێر 12:00ی نیوەرۆوە دەتوانن عەلوەی سلێمانی بکەنەوە”.
سەبارەت بە رێنماییە نوێیەکان وتی “کۆمەڵی رێنمایی نوێ دانراوە بۆ کردنەوەی عەلوەی سلێمانی ئەگەر ئەمڕۆش فریانەکەوین لە سبەینێوە بەپێی ئەو رێنمایانە کارەکانمان دەکەین”.
عەتا محەمەد وتیشی “بەپێی رێنماییە نوێیەکان سەرجەم ئەو کەسانەی لەوێ کاردەکەن دەبێ پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و قەرەباڵغی دروست نەکەن و پێش ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان بێنە ناو عەلوە پاکژ بکرێنەوە (تەعقیم)، هەروەها ئۆتۆمبێلی گەورە نابێت بێتە ناو عەلوەکەوە و لەلایەن شارەوانییەوە بەشێوەیەکی کاتی شوێنێک بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دیاری دەکرێن کە دەنێرێن بۆ ناوەڕاست و باشووری عیراق”.
لەبارەی کردنەوەی کاتی کردنەوەی عەلوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد “رۆژانە کاتژمێرێک کارکردنمان بۆ کەم کراوەتەوە و لە سبەینێوە لە کاتژمێر 4:00 بەیانی بۆ 1:00 پاشنیوەڕۆ عەلوەکە کراوە دەبێت”.