وەزیری دەرەوەی عیراق ڕایدەگەیەنێت: لەكۆی 52 ملیار دۆلار عیراق 41 ملیار دۆلاری وەكو قەرەبوو داوەتەوە بە كوەیتو پێشبینیشدەكرێت لەساڵی 2015دا عیراق لەژێر كاریگەری بەندی حەوتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بێتەدەرەوە. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا، هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عیراق ئاشكرایكرد: بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 678ی نەتەوەیەكگرتووەكان، قەرەبویەكی زۆر سەپێندرا بەسەر عیراقدا كە بیداتەوە بەكوەیت، لە سەرەتاوە عیراق لەسەدا 30ی داهاتی نەوتی دەدایە كوەیت، پاشان ئەو ڕێژەیە بۆ لەسەدا 25 كەمكرایەوەو لەئێستاشدا لەسەدا 5ی داهاتی نەوت وەك قەرەبوو دەداتە كوەیت. زێباری وتیشی: چاوەڕوان دەكرێت لەساڵی 2015دا، عیراق بەتەواوەتی لەژێر بەندی حەوتی نەتەوەیەكگرتوەكان ڕزگاری ببێتو بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی عیراق چەند هەنگاوێكی ناوەو تائێستاش لەكۆی 52 ملیار دۆلار 41 ملیار دۆلاری وەكو قەرەبوو داوەتەوە بە كوەیت.