حكومەتی كەنەدا بە ڕێژەی لە %75 زیانەكانی پرۆژە و كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكان قەرەبوو دەكاتەوە كە بەهۆی سیستەمی خۆپارێزی پەتای كۆرۆناوە داهاتیان دابەزیوە و باج و رسوماتی گومرگیشیان بۆ كاتێكی نادیار دوادەخات.
ئاوێنە: رۆژی دوو شەممە 30 ئاداری 2020 لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی جەستن ترودۆ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵی كەنەدا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ڕایگەیاند هەر پرۆژەیەك یا كۆمپانیایەكی بچووك و مامناوەندی بەهۆی سیستەمی خۆپارێزی پەتای كۆرۆنا ئاستی داهاتیان لە %30 كەمی كردووە ، حكومەتی كەنەدا پشتگیری ئەو كۆمپانیانە دەكات و بە ڕێژەی لە %75 زیانەكانیان بۆ قەرەبوو دەكاتەوە ئەگەر ئەو كۆمپانیانە، بەجۆرێك هەر كرێكارێك هەفتانە بڕی 847 دۆلاری پێبدرێت .
ڕاشیگەیاند: ئەو كۆمپانیانە سەرەڕای قەرەبووكردنەوەیان دەتوانن قەرزی بازرگانی 40 هەزار دۆلاریش لە حكومەت وەربگرن ، جگە لەوەش باج و رسووماتی گومرگیش GST, HST لەسەر ئەو كۆمپانیانە بۆ كاتێكی دیكە دوادەخرێت .
هاوكات ترودۆ هۆشداری دایە ئەو كۆمپانیانە، ئەگەر سەرپێچی یاسا و ڕێنمایی خۆپارێزی بكەن دووچاری سزای توند دەبنەوە .
ترۆدۆ ئاشكراشیكرد: لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەرنامەی چاودێریكردنی چۆنێتی بەكار هێنانی ئەم هاوكارێیانە دەخەینە بەردەست.
سەرۆك وەزیران لەبەشێكی وتەكەیدا ئاماژەیبەوەدا: وڵات لە بارودۆخێكی نەخوازراو دایەو پێویستە هەموو لایەكمان هاوكاربین متمانەمان بەیەكتر هەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودخە و پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی بین لە مەترسی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كورۆنا .
سەبارەت بە هاتوچۆكردنی هاووڵاتیان لە نێوان شارەكان دووپاتی كردەوە، كە پێویستە هاووڵاتیان گەشتی زۆر پێویست نەبوو ئەنجامی نەدەن ، وەهەموو كارمەندانی هێڵی گواستنەوەی شەمەندەفەر و میترو ئاگادار كراون ڕێگری لە هەركەسێك بكەن كە نیشانەی COVID-19 یاخود تەنانەت ئەگەر نیشانەی ئەنفلەوەنزاشی هەبێت .
لە وەڵامی پرسیارێكی ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە بودجەی ساڵانەی 2020 ، ترودۆ وتی: بێل مۆرنۆ وەزیری دارایی حكومەت سبەی رۆژی سێ شەممە بەرنامەیەك لەو بارەوە لە پەرلەمان پێشكەش دەكات ، بەڵام پێتان ڕادەگەیەنم بودجەی كەنەدا لەچاو وڵاتانی دیكەی پێشەسازی 7 سەڕەڕای ئەو هەموو دەرماڵەی كە بۆ قەرەبووكردنەوەی كۆمپانیا و كڕێكاران تەرخان دەكرێت لە ئاستێكی باشدایە.