سیروان محه‌مه‌د: پێوسته‌ به‌ میكنایزمێكی گونجاو كاڵا و خوارده‌مه‌نییه‌كان له‌ ماركێته‌كان دابنرێت

ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌مه‌بستی ئاگادار بوون له‌ بڕی خوارده‌مه‌نییه‌كان و پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك كه‌ له‌ كۆكانی بازرگاناندایه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ بازرگانانی بواری خۆراك كۆبویه‌وه‌.

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ”به‌ پێوستی ده‌زانین میكنایزمێكی گونجاو دابنرێت كه‌ بتوانرێت سه‌رجه‌م ماركێته‌كان هه‌موو پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ی خه‌ڵی تیدا دابنرێت به‌ سیسته‌مێكی گونجاو نه‌ك به‌م شێوه‌ هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كی ئێستا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌داخه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیان بڕێكی زۆر له‌ كاڵاو پێداویستییه‌كان ده‌كڕن و له‌ ماڵه‌كانیاندا خه‌زنی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئۆپراسیۆنی به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ سلێمانی ده‌كه‌ین”.
 
سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ڕاشیگه‌یاند ”له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ بازرگانان سه‌ردانی پارێزگای سلێمانیمان كرد و ئاگادارمان كردنه‌وه‌ به‌شێك له‌ هاوڵاتیان بڕێكی زۆر له‌ كاڵا و شتومه‌ك ده‌كڕن و له‌ ماڵه‌كانیاندا خه‌زنی ده‌كه‌ن ئێمه‌ وه‌ك ژووری بازرگانی به‌رپرسیاریه‌تی خه‌زن كردنی كاڵاكان له‌ ماڵه‌كان و ماركێته‌كان ناگیرینه‌ ئه‌ستۆ”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدا له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئاوات محه‌مه‌د، قایمقامی سلێمانی ئاماده‌بوو ئاگادارمان كردنه‌وه‌ له‌وه‌ی ”كاتێك هاوڵاتیان كاڵا و خوارده‌مه‌نی زۆر له‌ ماڵه‌كانیان خه‌زن ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ری خراپ بونی زۆره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا به‌ره‌وه‌ هاوین ده‌چین و پله‌كانی گه‌رما ڕوو له‌ به‌رزبونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌شێكی زۆر له‌ كاڵاو خوارده‌مه‌نیه‌كان ناكرێت له‌ شوێنی گه‌رم و شێداردا خه‌زن بكرێت”.
 
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌،  تاكو ئێستا جوڵه‌ی بازرگانی له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و بڕێكی زۆر له‌ خۆراك و پێداوسیتییه‌كانی رۆژانه‌ی هاوڵاتیان به‌رێگاوه‌یه‌ و دوێنی ٧٠ بارهه‌ڵگر خۆراك داخڵی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.