ڕوونكردنه‌وه‌يه‌ك له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى يه‌وه‌

له‌كاتێكدا هه‌رێمه‌كه‌مان به‌ بارودۆخێكى دژوارى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤايرۆسى كۆرۆنا دا تێپه‌ڕده‌بێت , به‌داخه‌وه‌ كه‌سانێكى نابه‌رپرس و هه‌ندێك په‌يج و ناوه‌ندى ميديايى به‌رده‌وامن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى ناڕاست و چه‌واشه‌كارى كه‌ بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌يه‌كى خراپ بۆ دروستكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ى ترس و دڵه‌ ڕاوكێ لاى هاونيشتمانيانمان .

لێره‌دا بۆى ڕايى گشتى ڕاده‌گه‌يه‌ين كه‌ سه‌ر له‌سه‌ره‌تايى سه‌رهه‌ڵدانى ڤايرۆسى كۆرۆنـــاوه‌ له‌ سۆنگى هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسياريه‌تى و بۆ پاراستنى ئاسايشى ته‌ندروستى هاونيشتمانيانمان فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى به‌هه‌مه‌ئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى يه‌كه‌م هه‌نگاوى نا بۆ دروستكردنى كه‌ره‌نتينه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا و له‌ 29/1/2020 ‌ده‌ستپێشخه‌رى كرد كه‌ ناو فڕۆكه‌خانه‌دا بينايه‌كى ئاماده‌كرد تايبه‌ت به‌كه‌ره‌نتينه‌كردنى ئه‌و هاوڵاتيانه‌ى كه‌ له‌ووڵاتى (چين) ه‌وه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ , هه‌ر ئه‌وكاته‌ش هه‌ندێك له‌و ناوه‌ندى ميديايانه‌ى ئێستا , به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵى بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى چه‌واشه‌كاريدابوون و ‌ گرنگى بابه‌ته‌‌كه‌يان به‌شێوه‌يه‌كى تر پێوانه‌ ده‌كرد .

ئه‌وه‌ى لێره‌دا مه‌به‌ستمانه‌ زياتر تيشكى بخه‌ينه سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى له‌ ژێر بڕيار و به‌يانه‌كانى ليژنه‌ى باڵاى ڕووبوونه‌وه‌ى ڤايرۆسى كۆرۆنا كارده‌كات و هه‌ر بڕيار و به‌يانێك له‌ به‌ڕێزيانه‌وه‌ ده‌رچووبێت ده‌ستبه‌جێ له‌ فڕۆكه‌خانه‌دا جێ به‌جێ كراوه‌ ,‌ به‌داخه‌وه‌ دوێنێ 23/3/2020 له‌ ڕاگه‌ياندنى توشبوانى كۆرۆنا له‌ هه‌رێمى كوردستاندا يه‌كێك له‌ توشبووه‌كان دانيشتووى شارۆچكه‌ى ده‌ربه‌نديخانى ئازيزه‌ , ووێڕايى دڵگرانيمان به‌ تووشبوونى ئه‌و هاونيشتمانى يه‌ و ته‌واوى تووشبووانى تر هيواى هه‌رچى زووتر چاكبوونه‌وه‌يان بۆ ده‌خوازين .

هاونيشتمانيانى ئازيز ئه‌و به‌ڕێزه‌ له‌ 6/3/2020 له‌ ڕێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى يه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌لايه‌ن تيمه‌كانى ته‌ندروستى يه‌وه‌ پشكنين بۆ ئه‌و و سه‌رجه‌م سه‌رنشينه‌كانى ترى ناو فڕۆكه‌كه‌ كراوه , وه‌ له‌و ڕێكه‌وته‌‌دا هيچ فه‌رمانێكى ليژنه‌ى باڵا نه‌بووه‌ بۆ كه‌ره‌نتينه‌كردنى هه‌ر هاوڵاتيه‌ك كه‌ له‌ووڵاتانى ئه‌وروپا وه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ , جگه‌ له‌ ووڵاتى ايتاڵيا , وه‌ ‌ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ته‌واوى سه‌رنشينه‌كانى ناو فڕۆكه‌كه‌ هيچ ئاماژه‌يه‌كى توشبوون به‌ ڤايرۆسيان نه‌بووه‌ و فڕۆكه‌خانه‌ش‌ به‌بێ بوونى فه‌رمان ناتوانێت ڕێگرى له‌ هيچ گه‌شتيارێك بكات كاتێك له‌ پشكنين ده‌رده‌چن و هيچ كێشه‌يه‌كيان نه‌بێت .

بۆيه‌ لێره‌وه‌ دڵنيايى ده‌ده‌ينه‌ هه‌موولايه‌ك ئه‌م هه‌واڵه‌ ناڕاست و چه‌واشه‌كاريانه‌ دوورن له‌ ڕاستى يه‌وه‌ و وه‌ هه‌موو ئه‌و په‌لاماردانانه‌ نــه‌ك ساردمان ناكاته‌وه‌ به‌ڵكـــو تـــاوى زياترمان ده‌دات بۆ خزمه‌تكردنى گشتى وه‌ خۆشمان به‌راوورد ناكه‌ين به‌ هيچ شوێنێك و هيچ كه‌سيش به‌ دڵسۆز و خه‌مخۆرت نازانين , باشتريش وايه‌ ئه‌و په‌يج و ناوه‌نده‌ ميديايانه‌ ووردتر بڕوانن كه‌ كه‌سێك ماڵى له‌ شووشه‌بێت ناكرێت به‌رد بگرێته‌ شوێنى تر .

هاونيشتمانيانى ئازيز
….ئێوه‌ ته‌ندروست باشبن و پابه‌ندى ڕێنماييه‌كان بن , ئێمه‌ش به‌رده‌وام ده‌بين له‌ خزمه‌تكردنتان .

بەشی پەیوەندییەگشتیەکان و ڕاگەیاندنی
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
٢٠٢٠/٣/٢٤