“هیچ تەنگژەیەكی خۆراك لە كوردستان روو نادات”

وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی دەكاتەوە كە هیچ تەنگژەیەكی خۆراك لە هەرێمی كوردستان ڕوونادات و تا ئێستاش هاتنی هەموو خۆراك و كەلوپەلێكی ڕۆژانە بەردەوامە.

لە بەشێك لە ماركێتەكانی هەولێر و سلێمانی و چەند ناوچەیەكی تر دیسان قەرەباڵغی بۆ كڕینی كەلوپەل لەلایەن خەڵكەوە دەستی پێ كردەوە، بەڵام وەزیری بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەدات كە تەنگژەی خۆراك دروست نابێ‌.

لەبارەی ئەگەری دروستبوونی تەنگژەی خۆراك لە هەرێمی كوردستان كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، هیچ تەنگژەیەكی خۆراك لە ئارادانییە و پێویست نییە خەڵك بكەونە دڵەڕاوكێ‌.

ڕوونیشی كردەوە كە هیچ ئەگەرێكی داخستنی مەرزەكان نییە و تا ئێستەیش ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران و توركیا بەردەوامە و ئەگەری داخستنیش نییە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو پاراستنی هاوڵاتییانی كوردستان هاتوچۆی مەرزەكانی داخستووە و لەناو شارەكانیش قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنراوە، بەڵام وەك پێشتر دڵنیایی درابوو رۆژانە پێویستی هاووڵاتییان دابین دەكرێ‌.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی تەواوی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە، ئێسته‌ لەماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە پەلە نەکەن لە کڕینی ئەو هەموو پێداویستییە خۆراکییە کە دەچنە مارکێتەکان و مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دەکەن.

هاوكات ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ده‌ڵێت، “پێداویستی لە تەواوی کۆگاکانی خۆراکدا هەیە هیچ کەم و کوڕیمان نییە، لەدەروازەکانی (ئوم قەسر و بەندەر عباس) کاڵا و شتومەکی خۆراکی زۆر هەیە، لەگەڵ عێراق پێوەندیمان کردووە، دەربارەی ئەو بارانەی لە بەندەری ئوم قەسرن بەزووترین کات بەڕێ دەخرێن”.

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ڕوونى كرده‌وه‌، “ڕۆژانە بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان و پشکنین، دەیان کۆنتێنەر خۆراک دێتە شاری سلێمانی و دابەش دەکرێت بەسەر تەواوی هەرێم و عێراق”.

هه‌روه‌ها ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاشكراى ده‌كات، “داوا لە تەواوی هاووڵاتییان دەکەین لەماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە ڕێنماییە تەندروستییەکان جێ بەجێبکەن و نەچنە دەرەوە، پەلەی کاڵاکڕین نەکەن هەمووشتێک زۆرە”.