ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی سەرجەم هاوڵاتیان لەهەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە لەپێویستی مانەوەیان لەماڵەکانی خۆیاندا لەئێستادا، پەلە نەکەن لەکڕینی پێداویستییە خۆراکیەکان.
هەموو هاوڵاتیانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە خۆراکو هەموو پێداویستییە سەرەکیەکان لەتەواوی کۆگاکانی خۆراکدا دەستەبەرەو هیچ کەموکورتییەکمان نیە، لەدەروازەکانی ئومقەسر، بەندەر عەباس کاڵاو شتومەکی خۆراکی هەنو بەڕێوەن بۆ هەرێمی کوردستان، پەیوەندیمان بەنوسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق-ەوە کردووە دەربارەی ئەو بارانەی لەبەندەری ئومقەسرن بۆ ئەوەی بەزوترین کات بەڕێدەخرێن.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئاگادارتان دەکات لەوەی رۆژانە بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکانو پشکنین، دەیان کۆنتێنەر خۆراک دێتە شاری سلێمانیو دابەش دەکرێت بەسەر تەواوی هەرێمو عێراق.
بۆیە داوا لەسەرجەم هاوڵاتیان دەکەین لەماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوەو پابەند بن بەرێنماییە تەندروستیەکانو لەماڵەکانیان بمێننەوە. ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانیو قایمقامیەتی سلێمانی سەرقاڵی دانانی میکانزمێکە بۆ چۆنیەتی گەیاندنی خۆراکو پێداویستی سەرەکی بۆ سەرجەم گەڕەکەکانی ناو شارو شارۆچکەکان، تا هاوڵاتیان خۆیان بپارێزین لەهاتنە دەرەوەو بەریەککەوتن، دڵنیاشتان دەکەینەوە هەموو جۆرە کاڵایەک لەکۆگاکاندا بوونی هەیە.
راگەیاندنی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی