خاوەنی کێڵگە پەلەوەریەکان لەشاری سلێمانی ڕایدەگەیەنن مەترسی لەسەر ٢ ملێۆن و ٥٠٠ هەزار مریشکی ناوخۆ هەیە و داوایەک ئاراستەی پارێزگار و قائیمقامێتی سلێمانی دەکەن.
نازم عەبدووڵا جاف،جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان رایگەیاند” لەئێستادا لەناو هۆڵی کێڵگە پەلەوەریەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە ٢ ملێۆن و ٥٠٠ هەزار مریشک هەیە “.
راشیگەیاند” لەئێستادا کێڵگە پەلەوەریەکان سەرجەمیان دەکەونە دەرەوەی شار پێویستە مریشکەکان بنێرن بۆ دوکاندارەکان لەم کاتی ڕاگرتنی هاتوچۆیەدا پێویستە لایەنە بەرپرسەکانی شاری سلێمانی چاویان لەکار و پرۆژەکانی ئێمەوەبێت گەر ڕێگریمان لێبکرێت ئەوا زیانێکی گەورە بەر کەرته ناوخۆی لەبەرهەم هێنانی گۆشتی مریشک دەکەوێت وئەوکات نرخیش گران دەبێت”.
ئاماژەی بەوەشدا” ئێمە لەگەڵ تەواوی ئەو ڕێکارە تەندروستیانەین کە بەرپرسانی یەکەی ئیداری سلێمانی گرتویانەتەبەر وەئێمەش پشتیوان و هاوکاریان دەبین بۆ خۆپارێزی یەندروستی، وە داواشیان لێدەکەین بەپێی ڕێنمایە تەندروستیەکان ئاگادارمان بکەنەوە لە شێوازی کارکردنمان و گەیاندنی مریشک بۆ ناو بازاڕەکان وە دوکاندارەکانیش سەرجەمیان بە دەستکێش و دەمامک و جلوبەرگی تەندروست کاربکەن و مریشک بفرۆشن “.
جەختیکردەوە، پێویستە ئەو مریشکانەی بەرهەم هاتووە بخرێتە بازاڕەوە هاووڵاتیان داوای مریشکی زندودەکەن وە بەشێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان تێکردنی جوچکیان ڕاگرتووە بۆیە گەر بازاڕمان بۆ نەکەنەوە ئەوا نرخی مریشک مەترسی گرانبونی لەسەرە.
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان دەڵێت، نرخی عەلەف بۆ هەرتەنێک بڕی ١٠٠ دۆلار لەسەریان گرانبووە وە نرخی مریشک هەر وەک خۆیەتی و گرانیان نەکردووە بۆیە پێویستە لیژنەکانی قائیمقامێتی سلێمانی بەدواداچون بکەن بۆ ئەو جێگایانەی کە نرخی عەلەفیان گرانکردووە.
لەکۆتایدا سوپاسی پارێزگاری سلێمانی و قائیمقام و تەواوی هێزە ئەمنیەکانی و ژووری بازرگانی شاری سلێمانی دەکەین و هیوادارین بتوانن هاوکارمانبن و پشتیوانمانبن.