پڕۆژەی نەخۆشخانەیەکی ١٠٠٠ قەرەوێڵەیی لەسلێمانی ڕاگەیەندرا

هاووڵاتیانی جوامێرو خۆشەویست بەخشندەو هەدارو خێرخوازو سەرمایەدارە بەڕێزەکان

دوای ئەو هەموو پڕۆژەو دەستپێشخەرییە جوان و شایانانەی ڕۆژانە لە ئێوەی دڵسۆزەوە تایبەت بە دروستکردنی نەخۆشخانەو دابینکردنی پێداویستیە تەندروستیەکان پێشکەش دەکرێن.

ئێمە وەک پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، سوپاس و ڕێزو پێزانینی زۆرمان بۆ هەموو هەوڵ و هیممەت و هەنگاوەکانتان هەیە.

هەر لێرەوە بۆئەوەی هەموو ئەو هەوڵە کەسیی و تایبەتانە، پەرت نەبن و دەستپێشخەرییەکانتان جێگای شایستەی خۆی بگرێت و ببێتە پڕۆژەیەکی تەندروستیی نیشتمانیی ستراتیژیی، بە یەکخستنی هەموو تواناو بەخشین و هاندان و بەشدارییەکانتان، پێشنیازی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی مۆدێرنی هەزار قەرەوێڵەییتان بۆ دەخەینەڕوو لەسەر زەوی دیاریکراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.
دەخوازین هەموو تواناکان یەکبخەین و بە هەموومان بەشداربین لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیەدا.

لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەی حسابی بانکیی ئەم پڕۆژەیەو ڕێوشوێنە یاسایی و دارایی و هونەرییەکانتان دەخەینە بەردەست.

خودا پشت و پەنای هەمووان بێت.
کوردستان پارێزراوو ئاوەدان بێت.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
١٦/ ٣/ ٢٠٢٠