” 16,556 ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگا فۆڕمی بیمه‌ی بێ كاری پڕكردۆته‌وه‌ “

به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌ت به‌پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی بیمه‌ی بێ كاری بۆ ده‌رچووان، ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگا كه‌تائێستا دانه‌مه‌زراوون فۆڕمی بیمه‌ی بێ كاریان پڕكردۆته‌وه‌و سوودمه‌ند ده‌بن له‌وه‌رگرتنی بیمه‌ی بێ كاری.
له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌باس ئه‌كره‌م وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌پارێزگاكانی هه‌رێم 16,556 ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگای حكومی سه‌ر به‌ده‌سته‌ی خوێندنی ته‌كنیكی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو وه‌زاره‌ته‌كانی تر فۆڕمی بیمه‌ی بێ كارییان پڕكردۆته‌وه‌و پرۆسه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمه‌كانیش كۆتایی پێهاتووه‌. 
له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێر (4750) ده‌رچوو و له‌سنووری پارێزگای سلێمانیش (7478) ده‌رچوو و له‌ سنووری پارێزگای دهۆك (3179) ده‌رچوو و له‌سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیانیش (1149) ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگا كه‌به‌پێی رێنماییه‌كان بیمه‌ی بێ كاری ده‌یانگرێته‌وه‌ فۆڕمیان پڕكردۆته‌وه‌.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی راشیگه‌یاند پرۆسه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی بیمه‌ی بێ كاری له‌ 17/3/2013 ده‌ستی پێكردوو بۆ ماوه‌ی دوو مانگ به‌رده‌وام بوو و له‌ 17/5/2013 كۆتایی پێهات. له‌ئێستاشدا دوای وردبینی كردن له‌ فۆڕمه‌كان به‌نوسراوی ره‌سمی له‌وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری ده‌كرێت بۆ خه‌رجكردن بوودجه‌ی پێویست.
به‌پێی رێنماییه‌كان ته‌نها ده‌رچووانی ساڵی 2011-2012 كه‌دانه‌مه‌زراوون له‌كه‌رتی گشتی و هیچ كارێكیان نیه‌ له‌كه‌رتی تایبه‌ت سوودمه‌ندبوونه‌ له‌وه‌رگرتنی بیمه‌ی بێ كاری كه‌ بڕه‌كه‌ی 150 هه‌زار دیناره‌ مانگانه‌و بۆ ماوه‌ی 6 مانگ به‌رده‌وام ده‌بێت.