هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ ئێران كەمیكردووە

وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ ئێران ڕایگه‌یاند، له‌ئێستادا هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌، به‌ڕێژه‌ی‌ (20%) كه‌میكردووه‌.
(ڕۆسته‌م قاسمی‌) وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ ڕۆیته‌رز جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌، له‌مانگی‌ ئایاردا هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ ئێران بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، بۆ یه‌ك ملیۆن به‌میل نه‌وت له‌ڕۆژێكدا كه‌میكردووه‌، له‌كاتێكدا هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت له‌مانگی‌ نیسانی‌ ڕابردوودا، یه‌ك ملیۆن‌و (100) هه‌زار به‌رمیل بووه‌ له‌ڕۆژێكدا.
(ڕۆسته‌م قاسمی‌) ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، به‌دڵنیاییه‌وه‌ سزا ئابورییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا‌و ئه‌مریكا له‌سه‌رئێران‌و قه‌ده‌غه‌كردنی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت له‌لایه‌ن كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌وه‌، كاریگه‌ری‌ خراپی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ به‌هه‌مهێنان‌و هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ ئێران دروستكردووه‌.