ململانێی بازرگانی‌ نێوان ئه‌وروپا ‌و چین بەردەوامە

ئه‌مریكا‌و چین كه‌ یه‌كه‌م ‌و دووه‌م هێزی‌ ئابوری‌ جیهانن له‌ماوه‌ی‌ 10 ساڵی‌ رابردوودا  بۆ كۆنترۆڵكردنی‌ بازاره‌كانی‌ جیهان چه‌ندین رێگری‌ بازرگانیان بۆ یه‌كتر دروستكردووه‌ ‌و په‌نایان بردوه‌ته‌ به‌ر سیاسه‌تی‌ پارێزگاریكردنی‌ بازرگانی‌، هاوكات ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له ‌نێوان ئه‌وروپا‌و چین گیراوه‌ته‌به‌ر.
به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ چین ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن كه‌ به‌سیاستكردن پرسه‌ ئابووری‌ ‌و بازرگانیه‌كان زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابووری‌ ‌و بازرگانیه‌كانی‌ نێوان په‌كین ‌و واشنتن ‌و ئه‌وروپا ده‌گه‌ینێت.
به‌پێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ لایه‌ن (فینود ئه‌گاروال) مامۆستای‌ زانسته‌ سیاسیه‌كان له‌ زانكۆی‌ بیركلی‌ ‌و (سایمۆن ئیڤێنت) مامۆستای‌ بازرگانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ‌و گه‌شه‌پێدانی‌ ئابووری‌ له‌ زانكۆی‌ سانت جالن له‌سه‌ر حه‌وت گه‌وره‌ ئابووری‌ جیهان ‌و 869 رێوشوێنی‌ بازرگانی‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی‌ جیهان له‌سه‌ره‌تایی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ قه‌یرانی‌ ئابووری‌ ‌و دارایی‌ جیهان ده‌یگرنه‌ به‌ر  ئه‌نجامدراوه‌، ئه‌وه‌ به‌ده‌ر كه‌وتووه‌ كه‌ گه‌وره‌ ئابووریه‌كانی‌ جیهان به‌ تایبه‌ت یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا‌و ژاپۆن سیاسه‌تی‌ پارێزگاریكردنی‌ بازرگانی‌ ده‌گرنه‌ به‌ر  به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ رێكخراوی‌ بازرگانی‌ جیهان نه‌توانێت ئاشكرای‌ بكات.
لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌له‌ نێوان مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2008 بۆ مانگی‌ ئه‌یاری‌ 2012 دا به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو په‌نا براوه‌ته‌ به‌ر سیاسه‌تێك كه‌ كه‌متر شه‌فافیه‌تی‌ تێدا به‌دیی‌ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاته‌ پیشه‌سازیه‌كانی‌ جیهان سیاسه‌تی‌ پارێزگاریكردنی‌ بازرگانی‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر  به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ رێكخراوی‌ بازرگانی‌ جیهان نه‌توانێت ئاشكرای‌ بكات یان رۆمالی‌ بكات، له‌كاتێكدایه‌ گه‌وره‌ ئابووریه‌كانی‌ جیهان له‌میانه‌ی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ لوتكه‌ی‌ گروپی‌ بیست به‌ڵین ده‌ده‌ن كه‌ په‌نا نه‌بنه‌ به‌ر هیچ رێوشوینێكی‌ پارێزگاریكردنی‌ بازرگانی‌، به‌ڵام فینود ئه‌گاروال ‌و سایمۆن ئیڤێنت له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یان گه‌یشتوه‌نه‌ته‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی‌ كه‌ پێده‌چێت ئه‌و وڵاتانه‌ پابه‌ند بووبن به‌ چوارچێوه‌ی‌ گشتی‌ ئه‌و به‌ڵینه‌،بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ره‌چاوی‌ ئامانجه‌كانی‌ بكه‌ن.
هاوكات له‌ چوارچێوه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یاندا، (فینود ئه‌گاروال) ‌و (سایمۆن ئیڤینت)  ئابووری‌ به‌رازیل ‌و چین ‌و یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا ‌و كۆریای‌ باشور‌و ژاپۆن ‌و روسیا‌و ئه‌مریكایان به‌ نمونه‌ وه‌رگرتوه‌‌و گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی‌ كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ته‌نها هه‌وڵیان نه‌داوه‌ ئابووریه‌كانیان له‌ كێبركێ‌ بیانی‌ بپارێزن، به‌ڵكو یارمه‌تی‌ هه‌ندێك له‌ كۆمپانیاكانی‌ وڵاته‌كانیشیان داوه‌، هه‌ندیكێشیان جێ‌ هێشتووه‌ له‌به‌رده‌م ره‌حمه‌تی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ جیهان.
ئه‌و دوو مامۆستایه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یان ئه‌وه‌ بۆ به‌رێوه‌به‌ری‌ كۆمپانیاكان ده‌خه‌نه‌ڕوو كه‌ بۆ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان پێویست ناكات پشت ببه‌ستن  به‌ رێساكانی‌ رێكخراوی‌ بازرگانی‌ جیهان، چونكه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ وڵاتانی‌ جیهان پابه‌ند نابن به‌و رێسایانه‌ كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌مه‌وه‌ له‌ ئێستادا چه‌ندین جه‌نگی‌ بازرگانی‌ له‌ ئارادایه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌كه‌رته‌كانی‌ پیشه‌سازی‌ ئۆتۆمبێل ‌و وزه‌ی‌ خانه‌ خۆره‌تاویه‌كان.
چاودێران ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ده‌ن كه‌ له‌ ئێستادا تارمایی‌ جه‌نگێكی‌  بازرگانی‌ له‌ نێوان ئه‌وروپا‌وچین له‌باره‌ی‌ خانه‌ خۆره‌تاویه‌كان له‌ئارادایه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا نزیك بوه‌ته‌وه‌ له‌ جه‌نگێكی‌ بازرگانی‌ له‌گه‌ڵ چین له‌باره‌ی‌ هاورده‌كردنی‌ خانه‌ خۆره‌تاویه‌كان له‌ چینه‌وه‌ كه‌ به‌هاكه‌ی‌ ساڵانه‌ ده‌گاته‌ 21 ملیار یۆرۆ.
كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئه‌نجام ده‌دات له‌ باره‌ی‌ سه‌پاندنی‌ رسومات به‌سه‌ر خانه‌ خۆره‌تاویه‌كان كه‌ له‌چینه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت ‌و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ده‌ستپێكی‌ مانگی‌ حوزه‌یران بڕیار له‌باره‌ی‌ ئه‌و رسوماته‌وه‌ وه‌رگرێت كه‌ رێژه‌كه‌ی‌ مه‌زنده‌ ده‌كرێت بگاته‌ له‌سه‌دا 47.
كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا باس له‌وه‌ ده‌كات،چین پاڵپشتی‌ ناڕه‌وا بۆ كۆمپانیاكانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌كات كه‌  خانه‌ خۆره‌تاویه‌كان به‌رهه‌م ده‌هێنن، ئه‌مه‌ش زیان له‌ تواناكانی‌ كێبڕكی‌ كۆمپانیاكانی‌ ئه‌وروپا ده‌دات كه‌ خانه‌ خۆره‌تاویه‌كان به‌رهه‌م ده‌هێنن، به‌ڵام هه‌ندێ‌ كۆمپانیای‌ ئه‌وروپا كه‌ خانه‌ خۆره‌تاویه‌كان به‌رهه‌م ده‌هێنن پێیان وایه‌ ئه‌م رێوشوینانه‌ی‌ كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌نیازه‌ بیگرێته‌ به‌ر ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ جه‌نگی‌ بازرگانی‌ مه‌ترسیدار.
ئه‌ودو موهرشتیدت، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ جێبه‌جێكار له‌ كۆمپانیای‌ (ئای‌ بی‌ سی‌ سولار) ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو: سه‌پاندنی‌ رسومات له‌سه‌ر خانه‌ خۆره‌تاویه‌كان زیان به‌پیشه‌سازی‌ خانه‌ خۆره‌تاویه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م رێوشوینانه‌ی‌ كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌نیازی‌ بێگرێته‌ به‌ر ده‌بێته‌ هۆی‌ له‌ ده‌ستدانی‌ نزیكه‌ی‌ 70 هه‌زار هه‌لی‌ كار له‌ كۆمپانیا قه‌باره‌ ناوه‌نده‌كان.
كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ده‌دات  چین فشار ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌ندێ‌ له‌ وڵاتانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا تا هاودژ بن له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی‌ رسومات له‌سه‌ر خانه‌ خۆره‌تاویه‌كان كه‌ چین به‌رهه‌می‌ ده‌هێنێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ زۆربه‌ی‌ حكومه‌ته‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا له‌سه‌رو هه‌موویانه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌ڵمانیا‌و به‌ریتانیا هاودژن له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی‌ رسوماتی‌ گه‌وره‌ به‌سه‌ر هاورده‌كانی‌ خانه‌ خۆره‌تاویه‌كان له‌چینه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌مه‌ به‌رپرسی‌ بازرگانی‌ له‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات:  یه‌كێتیه‌كه‌یان ملكه‌چ نابێت بۆ فشاره‌كانی‌ چین بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ پلانی‌ سه‌پاندنی‌ رسومات به‌سه‌ر خانه‌ خۆره‌تاویه‌كان كه‌ له‌چینه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت.
كێشه‌ی‌ خانه‌ خۆره‌تاویه‌كان له‌ نێوان ئه‌وروپا ‌و چین زیاتر له‌ سه‌د كۆمپانیا ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ له‌ساڵێكدا چین به‌ به‌های‌ 21 ملیار یۆرۆ  خانه‌ خۆره‌تاویه‌كان هه‌نارده‌ی‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهان ده‌كات، بۆیه‌ چاودێران ئه‌مه‌ به‌گه‌وره‌ترین كێبركێ‌ بازرگانی‌ ‌و جه‌نگی‌ بازرگانی‌ داده‌نین له‌ مێژوی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا.