” هەر بازرگان و كۆمپانیایەك زیان بە هاوڵاتیان بگەیەنێت، لێخۆشبونی نیە “

له‌ مه‌راسیمی ته‌واو بوونی نه‌خۆشخانه‌ی شار له‌ سلێمانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وتارێكدا رایگه‌یاند،” ئەم پرۆژەیە سەرەتایەكی نوێ‌ بوو بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە پڕۆژەی وا گەورە پێشتر لە هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدرابوو، پەرەپێدانی كەرتی پەروەردە و تەندروستی دوو ئامانجی هەرە سەرەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانه‌ كە ئێستا كاری لەسەر دەكەین”، هه‌رووه‌ها باسی له‌ ده‌رمانی خراپ و نه‌خۆشه‌كانی هه‌ولێر كرد، له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسی وتی، تەوافوق و سازانی نیشتمانی لە كەشێكدا دروستنابێ كە پڕبكرێت لە هەڕەشە و مەرج سەپاندن. 
 
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وتاره‌كه‌یدا وتی: پەرەپێدانی كەرتی پەروەردە و تەندروستی دوو ئامانجی هەرە سەرەكین لە كارنامە و پلانی ستراتیژی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستا كاری لەسەر دەكەین . لە كوردستان و بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی كەرتی تایبەتیش لەگەڵ حكومەتدا، بتوانێ نەخۆشخانەی پێشكەوتوو و ناوەندی چارەسەری لە كوردستان بكاتەوە.  هەر لێرەوە من دەمەوێ‌ هانی ئەو وەبەرهێنەرانە بدەم كە دەیانەوێت كار لەسەر ئەم كەرتە بكەن بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیانی ئازیزی هەرێمی كوردستان.
 
ئاماژه‌یدا:  ئەوەی تائێستا كراوە، كارێكی زۆربووە، بەڵام هێشتا زۆری دیكەش ماوە بیكەین. بەتایبەتیش گۆڕینی سیستەمی تەندروستی بۆ سیستەمێكی هاوچەرخ و دروستكردنی سیستەمی بیمەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستاندا،  ئێمە كارێكی زۆرمان لەپێش خۆمان داناوە بۆ پێشخستنی كەرتی تەندروستی و، بە پشتیوانی خەڵك و ئێوەی خۆشەویست ئەم كاروانە دەگەیێنینە ئامانج .
 
 سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوو له‌ هه‌ولێر بینینیان له‌ده‌ستدا، نێچیرڤان بارزانی وتی: لەو ماوەیەی رابردوودا، رووداوێكی جەرگبڕ هەموومانی تاساند، ئەویش بەهەڵە بەكارهێنانی چارەسەری بوو بۆ چەند هاووڵاتییەك لە هەولێر، كە بەهۆیەوە هەندێكیان بیناییان لەدەستدا، ئەوانە وەك هەموو خەڵكی كوردستان كەس و خۆشەویستی ئێمەن و بەڕاستی زۆر دڵتەنگین بۆ ئەوەی بەسەریان هات . ئێمە بەپێی یاسا ، بەدواداچوونی ورد و لێپێچینەوەیەكی تووندمان دەستپێكرد ، وەزارەتی تەندروستیش لە بەدواداچوونەكەیدا بەردەوامەو هیوادارین بگاتە ئەنجام.
 
 سه‌رۆكی حكومه‌ت دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین هیچ بازرگان و كۆمپانیایەك زیان بە هاووڵاتیانی كوردستان بگەیێنێ و، هەر كۆمپانیایەك ئەوەبكات لێخۆشبوونی بۆ نییە و رووبەڕووی تووندترین سزا دەبێتەوە بەپێی یاسا.  ئێستا سەردەمی سەروەری یاسایە، هەموو كارێكی ئێمە لەبواری تەندروستیدا ، لە چوارچێوەی یاسای تەندروستیدایە كە بە ژمارە 15 لەساڵی 2007 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە. ئەم سەروەركردنەی یاسا، هەنگاوێكی بنەڕەتییە لە بەدامەزراوەییكردنی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی كوردستاندا.