ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا لەسەرەتای مانگی تەمووزەوە هاوردەكردنی چیمەنتۆ رابگیرێتو دەستپێكردنەوەی پرۆسەكەش پەیوەست دەبێت بەئاستی پێداویستیەكانی ناوخۆوە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەك كە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڵاویكردۆتەوە، لەسەر پێشنیازی لیژنەی ئابووری، ئەنجومەنی وەزیران راگرتنی هاوردەكردنی چیمەنتۆی بە هەموو جۆرەكانەوە تاووتوێكردوەو لەئەنجامدا بڕیاریداوە هاوردەكردنی چیمەنتۆ لە سەرەتای مانگی تەمووزەوە رابگیرێت. هەروەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە: ئامانج لە راگرتنی هێنانی چیمەنتۆ پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆییەو ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقیش لیژنەی ئابووری سەرپشك كردووە كە هەر كاتێك كارگەكانی ناوخۆ پێداویستیەكانی بازاڕیان پڕنەكردەوەو نرخ بەرزبۆوە، بەهەماهەنگی وەزارەتی پیشەسازیو وەزارەتی بازرگانی بڕیار لەسەر هاوردەكردنەوەی چیمەنتۆی دەرەكی بدەن، ئەمەش لەكاتێكدایە كە چیمەنتۆی ئێرانی بازاڕەكانی عیراقی پڕكردوەو بەپێی ئامارەكانیش لەئێستادا 500 هەزار تەن چیمەنتۆی ئێرانی لە كۆگاكاندان.