ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە باراك ئۆبامای ڕاگەیاندووە: پەیوەندیەكانی وزەی توركیاو هەرێمی كوردستان بۆ داهاتووی وزەی رۆژئاواو جیهانیش زۆر گرنگ دەبێت. بەگوێرەی هەواڵێكی سایتی ۆڵد بوڵتن، سەرۆك وەزیرانی توركیا لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا و كۆبونەوەی لەگەڵ باراك ئۆبامادا بەدوورو درێژی باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو ئەنكەرە كردووە بەتایبەتی پەیوەندییەكانی بواری وزە.
ئاشكراشیكردووە: لەو كۆبوونەوەیەدا باسی لەوەكردووە كە ئەم پەیوەندیانە خزمەت بە بەرژەوەندی توركیا و هەرێمی كوردستان دەكەنو بۆ داهاتووی وزەی رۆژئاواو جیهانیش زۆر گرنگ دەبن. ئەوەش لەكاتێكدایە بەگوێرەی هەواڵێكی ڕۆژنامەی حوریەتی توركی كە لەزاری بەرپرسێكی حكومەتی ئەنكەرەوە بڵاویكردبۆوە: توركیا لەگەڵ كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریكی لەگفتوگۆدایە بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.
لەماوەی ڕابردووشدا، بەر لەسەردانەكەی بۆ ئەمریكا، ئەردۆغان ڕایگەیاند: وڵاتەكەی گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی ئەمریكی ئیمزاكردووە سەبارەت بە رەوانەكردنی نەوتی هەرێم بۆ توركیا. بەگوێرەی هەواڵەكەی ڕۆژنامەی حورییەت، گفتوگۆكانی شیڤرۆنو توركیا لەچوارچێوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە بەو بۆرییە نەوتیانەی كە لەماوەیەكی نزیكدا لەنێوان هەرێم و توركیا تەواودەكرێن.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە پەرلەمانی كوردستان 23 ی نیسانی ئەمساڵ یاسای دیاریكردن و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە داهاتەكانی حكومەتی فیدڕاڵ پەسەندكرد، كە بەپێی یاساكە ئەگەر لەماوەی 90 رۆژدا حكومەتی هەرێم، بەغدا لە چارەسەركردنی كێشەكان ئاگاداربكاتەوە و بەغدا وەڵامی نەبێت، ئەوكات حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی لە بەغدا، نەوتی خۆی بفرۆشێت.