رۆمانییەكان بەنیازن چەند كارگەیەكی جۆراو جۆر لەهەرێمی كوردستان دابمەزرێن، لەئێستاشدا سەرقاڵی پەیداكردنی هاوبەشی ناوخۆین بۆ ئەو مەبەستە، مانگی داهاتووش بریارە وەفدێكی پارێزگای سلێمانی سەردانی ئەو وڵاتە بكات، بۆ واژۆكردنی رێكەوتننامەیەكی لێكتێگەیشتنی هاوكاری ئابوریو كلتوری زیاتر لە نێوان هەردوو لادا.
بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە (یاكوب بارادا) باڵیوزی رۆمانیا لە بەغداد، لەدیدارێكدا هەوڵ و بەرنامەكانی رۆمانیاو باڵیوزخانەی رۆمانیا بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێم بەتایبەت لەبواری سەرمایەگوزاری رۆمانی لە هەرێم گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
باڵیۆزی رۆمانیا رایگەیاند: بەجدی كار لەسەر گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێم و رۆمانیا دەكەن و خوزایارن سود لە دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لە هەرێم وەربگرن وتیشی: لەرووی پراكتیكەوە لەئێستادا سەرقاڵی دۆزینەوەی هاوبەشی ناوخۆین بۆ ئەوەی بتوانن چەند كارگەیەك لەوانە كارگەی دروستكردنی تراكتۆری كشتوكاڵی و كارگەی پێستە و كارگەی قوماش دابمەزرێنن.
وتیشی، كە لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆی هەرێم لەو بارەیەوە گفتوگۆكراوەو پرۆژەكە چووەتە پێشەوە.
پارێزگاری سلێمانی خۆشحاڵی بە جدیەت و هەنگاوەكانی رۆمانیا بۆ سەرمایەگوزاری لە هەرێم دەربڕی و سوپاسی هەوڵەكانی باڵیوزی رۆمانیای كرد لەو رووەوە.
لەبەشێكی تری كۆ بوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەبارەی سەردانی وەفدێكی پارێزگای سلێمانی بۆ رۆمانیا و ئیمزاكردنی رێكەوتنێكی لێكتێگەیشتن بەمەبەستی هاوكاری زیاتری هەردوو لا لەبواری ئابوری و كلتوریدا.
لەو رووەوە بریار درا هەوڵ بدرێت مانگی داهاتوو ئەو سەردانە رێكبخرێت.