به‌غدا هه‌وڵی‌ ڕاگرتنی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم ده‌دات

حكومه‌تی‌ عێراق ئاشكرایكرد، ڕێوشوێنی‌ یاسایی‌ ده‌گرێته‌به‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌و كۆمپانیا بیانیانه‌ی‌ بواری‌ نه‌وت، كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا كاری‌ وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن، له‌هه‌وڵێكدا بۆ ڕاگرتنی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات.
ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ ڕۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌، (حسێن شه‌هرستانی‌) جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق بۆ كاروباری‌ وزه‌، كه‌ به‌شداریی‌ كۆنگره‌یه‌ك ده‌كات له‌شاری‌ (سیدنی‌) ئوسترالیا ڕایگه‌یاند، حكومه‌تی‌ به‌غدا ڕێوشوێنی‌ یاسایی‌ ده‌گرێته‌به‌ر، له‌دژی‌ ئه‌و كۆمپانیا بیانیانه‌ی‌ بواری‌ نه‌وت كه‌ كاری‌ وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن له‌هه‌رێمدا، له‌هه‌وڵێكدا بۆ ڕێگریكردن له‌هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ كێڵگه‌كانی‌ هه‌رێم بۆ توركیا.
ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو، له‌ئێستادا حكومه‌تی‌ عێراق تاووتوێی‌ كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێن ده‌كات، بۆ پارێزگاریكردن له‌سامانی‌ نه‌وت.
سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ به‌نده‌ری‌ (مێرسین)ی‌ توركیا ده‌ستیپێكرد‌و سه‌ره‌تاش ڕۆژانه‌ نزیكه‌ی‌ (40) هه‌زار به‌رمیل له‌ڕۆژێكدا هه‌نارده‌ ده‌كرا، ئه‌و بڕه‌ش ئێستا ڕوو له‌زیادبوونه‌.