سه‌رۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی: شۆفێری مەرزەكان گرفت بۆ بازرگانان دروستدەكەن

* دیارترین كێشەی بازرگانەكانی هەرێمی كوردستان چیە؟
سیروان محەمەد: دیارترین كێشەی بازرگانەكان لەئەمڕۆدا كێشەی شۆفێری مەرزەكانە كە گرفت بۆ بازرگانان دروستدەكەن، بەتایبەت شۆفێرەكانی مەرزی پەروێزخان‌و باشماخ كاری نایاسایی ئەنجامدەدەن‌و بەئارەزوی خۆیان نرخی بار زیاد دەكەن، بارێك لەئێرانەوە دەهێنرێت عوملەكەی 25 تەنە، دەبێت یەكجار باربكرێت‌و دابگیرێت، چونكە ئەگەر ئەو بارە زۆر دابگیرێت‌و بار بكرێت بازرگانەكە زەرەرمەند دەبێت، بەڵام بەهۆی گرفت دروستكردنی شۆفێرەكانی ئەو دوو مەرزەوە ئەو بارانەی لەئێرانەوە دەهێنرێن چەندین جار بار دەكرێن‌و دادەگیرێن ئەمەش وادەكات بارەكە گرانتر لەسەر بازرگان بكەوێت‌و ئەویش كاڵاكە بەگران بەهاوڵاتیان بفرۆشێت‌و دواجار گرانبونی نرخی لەبازاڕدا لێبكەوێتەوە.
ئەو زۆر داگرتن‌و باركردنە هەندێك جار وادەكات كە باری خواردەمەنی لەنێو ئۆتۆمبێلێكدا باربكرێت كە بۆنی گازی لێدێت یان خواردەمەنیەكە خراپ دەبێت‌و بازرگانەكە زەرەردەكات، بەداخەوە تائێستا حكومەت نەیتوانیوە سنورێك بۆ شۆفێرەكانی پەروێزخان‌و باشماخ دابنێت، ئەوكارەی شۆفێرەكانی ئەو دوو مەرزە لەهیچ مەرزێك لەمەرزەكانی عێراق‌و تەنانەت ئیبراهیم خەلیلیشدا رونادات‌و ئۆتۆمبێل لەئێران بار دەكات تا بەردەم گەنجینەی بازرگان دایناگرێت.
* بۆچی شۆفێرەكان گرفت دروستدەكەن؟
سیروان محەمەد: رێكەوتنێك لەنێوان ئێران‌و هەرێم هەیە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی عێراقی بڕواتە ناو ئێران باربكات‌و داینەگرێت تا دەیهێنێتە بەردەم كۆگای بازرگانەكانە‌وە بۆ ئۆتۆمبێلی ئێرانیش بەهەمانشێوە، چونكە داگرتن‌و باركردنی بار هەڵەیەو جگە لەدواكەوتنی بارو خراپبونی كاڵا قەرەباڵغیش لەنێو مەرزەكاندا دروستدەكات.
بەڵام كۆمەڵێك شۆفێر لەمەرزەكانی پەروێزخان‌و باشماخ ئامادەنین بچن بۆ ئێران باربهێنن‌و رێگەش نادەن بار لەئێرانەوە راستەوخۆ تا بەردەم كۆگای بازرگانەكان ببرێت، بەڵكو دەڵێن ئێمە بێ ئیش دەكەوین‌و لەمەرزەكە بارەكان دادەگرن‌و خۆیان باری دەكەن.
* بۆچی لەسلێمانی نرخی كاڵاكان گرانترە لەشارەكانی تر؟
سیروان محەمەد: گرانبونی زۆر كاڵا پەیوەندی بەنرخی نیودەوڵەتیەوە هەیە بەتایبەت مادە خۆراكیەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەماحی قازانج لەسلێمانی زیاترە بەبەراورد لەگەڵ شارەكانی تر.
* چۆن دەتوانرێت رێگری لەبەرزبونەوەی نرخ بكرێت؟
سیروان محەمەد: خەڵك حەزدەكات قازانج زیاتر بكات، بەڵام دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی بكرێت‌و چەند جێگایەكی وەكو هەفتە بازاڕ بكرێتەوەو شتی هەرزانی تێدا بفرۆشرێت‌و قازانج كەمبخرێتە سەری. ئێمە لەگەڵ شارەوانی قسەمانكردوە تا زەویمان بۆ تەرخان بكات هەروەها لەگەڵ بازرگانەكانی خۆشمان قسەمانكردوە بۆئەوەی بتوانین بەنرخی جوملە لەو بازاڕەدا كاڵا بەتاك بفرۆشین، ئەگەر زەویمان بدەنێ دەتوانین ئەو ئەركە بخەینە سەرشانمان.
* كردنەوەی هەفتە بازاڕ چ كاریگەرییەكی لەسەر جێگیربونی نرخ هەیە؟
سیروان محەمەد: ئەوكاتە دوو بازاڕ هەیە، لەبازاڕێكیان نرخ گرانترەو لەبازاڕێكیان نرخ كەمترە، خەڵك ئازادە لەوەی لەكام بازاڕیان شت دەكڕێت، واتە ئەو چینەی دەیەوێت بەهەرزان شت بكڕێت دەتوانێت روو لەو بازاڕە بكات، ئەوانەش دەستڕۆیشتون ئازادن لەسۆپەرماركێتە گەورەكان شت بەگران بكڕن.
* ماوەیەك لەمەوبەر هەندێك بازرگان باسیان لەوەدەكرد كە پارەیەكی زۆریان لەلایەن بازرگانی ئێرانیەوە خوراوە، كێشەی ئەو بازرگانانە بەكوێ گەیشت؟
سیروان محەمەد: پێموایە ئەو كارانە بەنایاسایی كراوە، شتێكی وامان بەدەستەوە نیە بەرگری لەو بازرگانانە بكەین، كە دەڵێن پارەمان خوراوە بۆ ئەوەی بەرگریان لێبكەین یان هەوڵی وەرگرتنەوەی پارەكانیان بدەین، چەند جارێك داوامانلێكردون وەكو پێویست نەهاتونەتە پێشەوە.
* گومانتان هەیە لەوەی ئەو بازرگانانە پارەیان فەوتابێت؟
سیروان محەمەد: نا پارەخواردن رویداوە، ئەم پارە خواردنەوەش پەیوەندی بەبازرگانی نێوان هەرێم‌و ئێران‌و دوبەی هەبوە، ئەو گۆڕانكاریانەی لەناوچەكەداو بەتایبەت لەئێران رویداوە كە بوەتە هۆی دابەزینی بەهای تومەن وایكردوە كۆمەڵێك بازرگان زەرەرمەندبن، بۆیە ئێستا بازرگانە كوردەكان بەپارەی نەقد شت دەفرۆشنە بازرگانە ئێرانیەكان‌و بەقەرز شتیان پێنادەن.
* تا چەند ئاگاداری كڕینی موڵكی ئێرانن لەلایەن بازرگانانی هەرێمەوە؟
سیروان محەمەد: لەوانەیە یەك دوو بازرگان شتیان كڕیبێت لەئێران، بەڵام نەك شتی قورس‌و گەورە، لەئێران موڵك دانەبەزیوە، بەپێچەوانەوە بەگوێرەی تمەنەكە موڵك بەرز بوەتەوە، بەڵام خەڵك وادەزانێت شت هەرزان بوە. ئینجا نەك لەئێران لەوانەیە كۆمەڵێك بازرگانی كورد لەدوبەی‌و توركیاو لوبنانیش موڵكیان كڕی بێت یان بەپێچەوانەوە بازرگان لەو وڵاتانەوە هاتبن‌و موڵكیان لەكوردستان كڕی بێت.
* هیچ زانیاریەكتان پێگەیشتوە سەبارەت بەئاڵوگۆڕی بازرگانی كاڵای قەدەغەكراو، كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهۆی گەمارۆی ئابوریەوە لەئێرانی قەدەغەكردبێت؟
سیروان محەمەد: ئاگادارنیم بازرگانی كورد لەلایەن ئێرانیەوە داوای لێكرابێت كاڵا بۆ ئەو وڵاتە دابین بكات، بەڵام لەڕێگەی مەرزە ناڕەسمیەكانەوە ئێران كارئاسانی بۆ بردنی مەوادە خۆراكیەكان دەكات‌و وەكو جاران رێگری ناكات‌و ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیادیكردوە، ئەمەش وایكردوە لەو مەرزە ناڕەسمیانەوە كۆمەڵێك خەڵكی هەژار بەكۆڵ شت ببەن‌و نازانرێت كارئاسانی ئێران پەیوەندی بەمەسەلەی ئینسانیەوە هەیە یان مەسەلەی تر.