ئیسرائیل..باج لـه‌سه‌ر گۆڕ

له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی‌ كورتهێنانی‌ بودجه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌، وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ ئیسرائیل چه‌ندین جۆری‌ نوێی‌ باج له‌پرۆژه‌ یاسایی‌ بودجه‌ جێگیر ده‌كات، ئه‌مه‌ش ناره‌زایی‌ هه‌مه‌لایه‌نی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌ ئابووریه‌كانی‌ بنیامین نه‌تانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئیسرائیل ‌و یائیر له‌بید، وه‌زیری‌ داراییه‌كه‌ی‌.
له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و باجه‌ نوێیه‌دا پێشنیازكراوه‌ جۆره‌ باجێكی‌ نوێی‌ به‌ناوی‌ (باجی‌ كه‌للـه‌سه‌ر) به‌سه‌ر قه‌بره‌كانی‌ به‌سه‌پێنرێت كه‌ له‌رێگه‌یه‌وه‌ میراتگرانی‌ مردووكان ناچار ده‌كرێن ساڵانه‌ سه‌دان دۆلار وه‌ك باج به‌حكومه‌ت بده‌ن.
له‌ساییه‌ی‌ خابوونه‌وه‌ی‌ گه‌شه‌ی‌ ئابووری‌ ئیسرائیل، ئابووری‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌دۆخی‌ ناسه‌قامگیردا تێده‌په‌رێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كورتهێنانی‌ بودجه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی‌ 13 ملیار دۆلار، بۆیه‌ حكومه‌تی‌ ئیسرائیل پرۆژه‌یه‌كی‌ بودجه‌ی‌ نوێی‌ خستوه‌ته‌ڕوو كه‌ به‌هاكه‌ی‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی‌ 111 ملیار دۆلار، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت ئه‌و پرۆژه‌ بودجه‌یه‌ له‌كۆتایی‌ مانگی‌ ته‌مموزی‌ داهاتوودا بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی‌ ئیسرائیل بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری‌.
ئیسرائل بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ خه‌رجیه‌كانی‌ حكومه‌ت به‌بڕی‌ نزیكه‌ی‌ حه‌وت ملیار دۆلار سیاسه‌تی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ خه‌رجیه‌كانی‌ گرتوه‌ته‌به‌ر، هه‌روه‌ها بۆ یه‌كه‌م جار (باجی‌ كه‌له‌سه‌ر) له‌پاڵ چه‌ند جۆرێكی‌ تر له‌باج سه‌پاند كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ پێنج ملیار دۆلار بۆ خه‌زینه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت ده‌ستبه‌ر بكات. 
وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ ئیسرائیل كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات: له‌مساڵدا كورتهێنانی‌ بودجه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌رێژه‌ی‌ له‌سه‌دا 4.6 له‌كۆی‌ به‌رهه‌می‌ ناوخۆیی‌ ئیسرائیل دابه‌زینێت ‌و له‌ 2014 یشدا ئه‌م رێژه‌یه‌ بگه‌یه‌نێته‌ له‌سه‌دا سێ.
سه‌پاندنی‌ باج له‌سه‌ر قه‌بره‌كان له‌ ئیسرائیل چه‌ندین لێكه‌وته‌ی‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا، له‌وباره‌یه‌وه‌ باسل غه‌تاس، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ ئه‌و وڵاته‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌م باجه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو: حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی‌ مرۆڤانه‌ ناڕوانێت بۆ  هاوڵاتیانی‌ ‌و ئه‌ركی‌ باجی‌ زیاتریان ده‌خاته‌ سه‌ر له‌خزمه‌تگوزاریه‌كان بێبه‌شیان ده‌كات، له‌كاتێكدا ئاسانكاری‌ دارایی‌ زیاتر ده‌خاته‌ به‌رده‌م كۆمپانیا گه‌وره‌كان ‌و له‌باج ده‌یان به‌خشێت.
هاوكات حاخام ئه‌لیاهۆ كۆفمان، پێی‌ وایه‌: سه‌پاندنی‌ (باجی‌ كه‌له‌سه‌ر) دژی‌ هه‌موو یاسا‌ورێسا ئاسمانیه‌كانه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵمێنێت  ئیسرائیل زیاتر به‌ره‌و فاشیه‌ت ده‌چێت ‌و هه‌سته‌ مرۆیه‌كان تێدا داده‌ماڵرێت.
حاخام ئه‌لیاهۆ كۆفمان، ئه‌و پرسیاره‌شی‌ خسته‌ڕوو: به‌ چ مافێك ده‌وڵه‌ت میراتگه‌رانی‌ مردووكان ناچار ده‌كات باج بده‌ن له‌كاتێكدا زه‌وی‌ بۆ سه‌رقه‌برانه‌كان ته‌رخان نه‌كات ‌و جێگه‌ی‌ نرخی‌ یه‌ك قه‌بریش  ده‌گاته‌ نێوان پێنج بۆ 10 هه‌زار دۆلار.