لەدوای شۆرشی ئەو وڵاتە، میسر زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری لە یەدەگی وڵاتەكەی لەدەستداو چەندین ملیار دۆلاریشی قەرز كرد.
سامی خلاف، سەرۆكی یەكێتی قەرزە گشتیەكانی میسر كە لەم هەفتەیە دەستی لەكارەكەی كێشایەوە ئەوەی خستەڕوو، تا كۆتایی مانگی نیسانی رابردوو قەرزە دەرەكیەكانی میسر گەیشتوەتە نزیكەی 42 ملیار دۆلار، لە كاتێكدا لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ئەو قەرزە گەیشتە 38.8 ملیار دۆلار.
هەروەك لە مانگی نیسانی رابردوودا قەرزە ناوخۆیەكانی میسر گەیشتە نزیكەی 200 ملیار دۆلار.
لە دەستپێكی ساڵی 2011 ەوە ئابووری میسر بەقەیراندا تێدەپەرێت، ئەمەش وایكردوە ئەو وڵاتە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار لە یەدەگی وڵاتەكەی لەدراوی بیانی لەدەست بدات، سەرەڕای ئەمەش میسر چەندین ملیار دۆلاری لە توركیاو لیبیاو قەتر بەقەرز وەرگرتووە، هەروەها بۆ پاڵپشتیكردنی بەهای دراوی وڵاتەكەی پێدانی پارەی كۆمپانیا نەوتیەكانی دواخستووە.
لە هەفتەی رابردوودا دامەزراوەی ستاندەرد ئاند پورز بۆ پۆلێنی دڵنیایی، بەهۆی مەترسیەكانی قەرزەكان، پۆلێنی دڵنیایی چوار بانكی میسری دابەزاند.
لەمانگی شوباتی رابردوودا دامەزراوەی كاپیتال ئیكۆنۆمیكس ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی كورتهێنانی بودجەی میسر لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ئاستی قەرزەكانی حكومەتی میسر بەرزبوەتەوە، بەشێوەیەك ئەو قەرزانە لە ئێستادا لەسەدا 75 ی كۆی بەرهەمی ناوخۆی میسری تێپەراندوە.
لەلایەكی ترەوە بەپێی زانیاریەكانی حكومەتی میسر لەچارەكی یەكەمی ئەمساڵدا ژمارەی بێكاران لەو وڵاتە بەرزبوەتەوەو گەیشتوەتە زیاتر لە 3.6 ملیۆن كەس.
زانیاریەكان ئەوەش دەخەنەڕوو، لە سێ مانگی دەستپێكی ئەمساڵدا بەهۆی خابوونەوەی چالاكیە ئابووریەكان لەمیسر، 170 هەزار كەسی تر چوونە ریزی بێكارانەوە، ئەمە لەكاتێدایە لەسەدا 40 ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە كە ژمارەیان دەگاتە 84 ملیۆن كەس، رۆژانە بەكەمتر لە دوو دۆلار ژیانی بەسەر دەبەن.