لە مانگی داهاتودا هەناردەی نەوتی هەرێم %50 بەرز دەبێتەوە

لەگەڵ ئەوەی حكومەتی بەغدا هەناردەی نەوتی هەرێم بە نایاسایی دەزانێت و تا ئێستا دانی بە گرێبەستە نەوتییەكاندا نەناوە، بڕیارە لەسەرەتا مانگی داهاتووەوە، هەناردەی نەوتی خاوی هەرێم بۆ بەندەری توركیا لە سەدا 50 زیاد بكات.
 
سەرچاوەیەك لەكەرتی نەوت رایگەیاند: لەگەڵ دەستپێكردنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی تەنكەرەوە بۆ دووەم بەندەری توركیا میرسین، پێشبینی دەكرێت بڕی فڕۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا بەرێژەی نزیكەی لە سەدا 50 بەرزبێتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە حكومەتی فیدراڵی عیراق گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان ‌و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بە نایاسایی دەزانێت.
لە مانگی كانوونی دووەمی رابردوودا لە كێڵگەی تەق تەقتەوە دەست كرا بەهەناردەكردنی نەوت بۆ بەندەری میرسین – ی توركیا، كە بڕەكەی رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوتی تێپەراند.
پێشبینی دەكرێت لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا دوای سود وەرگرتن لە بەندەری دورتیول لەباشوری توركیا، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری میرسین بگاتە 60 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا.
لەمساڵدا كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) هۆشداری دایە ئەو كۆمپانیایانەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەگرن بەتایبەتی كۆمپانیای جێنێل ئێنێرجی سەر بە بەریتانیا- توركیا.
سۆمۆ ئاماژەی بەوەشدا سكاڵای یاساییان بەرامبەر تۆمار دەكات ئەگەر پابەند نەبن بەم داواییەی، بەڵام سەرەڕای ئەمە لەم هەفتەیەدا تانەر یەڵدز، وەزیری وزەی توركیا ئەوەخستەڕوو، لەمساڵدا وڵاتەكەی گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمریكا ‌و روسیا واژو دەكات كە لەكەرتی نەوت ‌و غازی هەرێمی كوردستان سەرمایەگوزاری دەكەن.