“ده‌كرێت هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌وڵه‌تی‌ كوردیی”

پسپۆڕێكی‌ بواری‌ ئابوری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان شیكردنه‌وه‌ی‌ بۆ ڕێككه‌وتنی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان، توركیا‌و كۆمپانیای‌ ئیكسۆن مۆبیلی‌ ئه‌مریكی له‌بواری‌ نه‌وتدا كرد‌و ته‌ئكیدی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌، هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت، سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تری داهات بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان مسۆگه‌ر ده‌كات.
(د. نیاز نه‌جمه‌دین نوری‌) پسپۆڕی‌ ئابوری‌ له‌زانكۆی‌ سلێمانی‌ بە NNA راگەیاندوە‌، هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم له‌توركیاوه‌ دیوی‌ باش‌و خراپی‌ هه‌یه‌، له‌دیوه‌ باشه‌كه‌یدا، هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی‌ كوردستان له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كان نزیكده‌كاته‌وه‌، هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ وزه‌وه‌ ده‌گاته‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهان، جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تری داهاتیش مسۆگه‌ر ده‌كات، له‌كاتێكدا كه‌ ئابوری‌ جیهان له‌بێ بازاڕیدایه‌.
وتیشی‌:” ده‌كرێت هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت بنه‌مایه‌ك بێت بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردیی، له‌كاتێكدا كه‌ كورد ده‌وڵه‌تی‌ نییه‌، پێموایه‌ ده‌وڵه‌تیش بووه‌ به‌خه‌ونی‌ هه‌ر تاكێكی‌ كورد”.
به‌وته‌ی‌ پسپۆڕه‌ ئابورییه‌كه‌، له‌دیوه‌ خراپه‌كه‌ی هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتدا له‌توركیاوه‌، كورد له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌پاشكۆیه‌تی‌ به‌غداوه‌ ڕه‌نگه‌ ڕزگار ببێت بۆ پاشكۆیه‌تی‌ توركیا، وتی‌:”ترسی‌ من ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌شوێنێكدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ كورد‌و توركیا یه‌كی‌ نه‌گرته‌وه‌، ئه‌وا توركیا زاڵ ده‌بێت، ئه‌و كاته‌ش له‌هه‌یمه‌نه‌ی‌ عه‌ره‌به‌وه‌ بۆ هه‌یمه‌نه‌ی‌ تورك ڕزگارمان ده‌بێت”.
له‌ڕۆژانی‌ ڕابردوودا (ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا ڕایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كۆمپانیای‌ ئیكسۆن مۆبیلدا ڕێككه‌وتوون، له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم له‌توركیاوه‌ بۆ بازاڕه‌كانی‌ جیهان.