بەپێی راگەیەندراوێكی راگەیاندنی قائمقامیەتی سلێمانی، پاش ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاردا پاسە كۆنەكانی هێڵەكان بگۆڕدرێت بە پاسی نوێی (12) نەفەری بۆ ئەم مەبەستەش حكومەت هاریكاری تەواوی شۆفێران دەكات , ئەو بڕیارە نوێیە ناڕەزای شۆفێرانی تاكسی هێڵەكانی دەرەوەی شاری لە شاری سلێمانی بەدوای خۆیدا هێناو ئەمڕۆ دووشەممە 20/5/2013, شۆفێرانی تاكسی تێرمیناڵی شارەزوور بۆ ماوەیەك مانگرتنیان لەكاركردن راگەیاند , بۆ تەنگەوەچون و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكەیان لەدیوانی قائمقامیەتی سلێمانی ئاوات محەمەد قائمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری شۆفێراندا كۆبوویەوە و پێی راگەیاندن كە بڕیارەكەی حكومەت لەبەرژەوەندی گشتیدایەو خزمەت بە هەموولایەك دەكات و پێویستە ئاستەنگ و گرفت نەخرێتە بەردەم جێبەجێ كردنیەوە , لەبەرامبەردا شۆفێران رایانگەیاند گرفتی ئەوان وەك شۆفێرانی تاكسی پاسە نوێكانە كە لە جۆری (12) نەفەرییە و ئەمەش كارگەری زۆردەكاتە سەر كاركردنی ئەوان و وادەكات بەشێوەیەكی گشتی زۆربەی هاوڵاتیان بۆ گواستنەوەیان پەنا ببەنەبەر ئەو پاسانەو بەمەش كاركردنی هێڵەكانی تاكسی رووبەڕووی گرفتێكی زۆر دەبێتەوە , وەك هەوڵێكیش بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە قائمقامی سلێمانی رایگەیاند وەك پارێزگای سلێمانی هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ ئەوەی بڕیارەكە لەبەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان و شۆفێرانی هێڵەكانی پاس و تاكسیشدا بێت و زیان گەیاندن نەبێت بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان , پاش گفتوگۆیان لەگەڵ قائمقامی سلێمانی شۆفێران بڕیاریاندا كۆتایی بە مانگرتنەكەیان بهێنن و بەردەوام بن لەسەر كاركردنیان .