قائمقامی سلێمانی : بایەخی زیاتر بە بەروبوومی خۆماڵی دەدەين

بەپێی راگەندراوێكی بەشی راگەیاندنی قائمقامیەتی سلێمانی،لەمەودوا چاودێرییەكی تەواوی هەموو ئەو بەرهەمانە دەكرێت كە لەرێگەی خاڵە سنورییەكانەوە دەهێندرێتە شاری سلێمانی و بەپێی پێویستی هاوڵاتیان و بە رەچاوگرتنی بەربومی خۆماڵی رێگە بەهاتنەناوەوە بڕی ئەو بەروبومانە دەدرێت 
بەمەبەستی چاودێری كردنی زیاتری بەروبومی خۆماڵی و هەوڵدان بۆ  چارەسەركردنی گرفتەكانی ئەو بوارە , ئەمڕۆ دووشەممە 20/5/2013, لەدیوانی قائمقامیەت ئاوات محەمەد قائمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی چاودێری كردنی بەروبومی ناوخۆی پارێزگای سلێمانیدا كۆبوویەوە , لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی كراو لەپێناو بەرزكردنەوەی بەروبومی خۆماڵیشدا كارئاسانی و پێشەكەش كردنی هاریكاری زیاتری دامەزراوەكانی حكومەت بە گرنگ و پێویست زانرا بۆ ئەوەی بەهەوڵی هەمووان ئاستی بەرهەم هێنانی بەروبومی خۆماڵی تا ئاستێكی پێویست بەرزبكرێتەوە ,لەم رووەشەوە قائمقامی سلێمانی رایگەیاند بەهەموو توانایەكەوە پشتیوانی جوتیاران و هەموو ئەو خاوەنكارانەدەكەن كە لەئێستادا لەرێگەی پڕۆژەكانیانەوە بەرهەمی خۆماڵی رەوانەی بازاڕەكان دەكەن , وەك هەوڵێكیش بۆ ساغ  كردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەكان و بایەخپێدانیان بڕیاردرا چاودێری ووردی هێنانی بەرهەمی دەرەكی بكرێت و هێنانەناوەوەی بڕەكەی بەپێی پێویستی هاوڵاتیان بێت و ڕەچاوی بەرهەمی ناوخۆیش بكرێت  , هەروەك  بڕیاردرا حكومەت كارئاسانی زیاتر پێشكەش بە جوتیاران بكات و پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكات,  هاوكات تاوتوێی چاودێری كردنی هەموو بەرهەمەكانیش كرا  و لیژنەكانی تایبەت بەو بوارە راسپێردران كە بەووردی بەدواداچون بۆ  بەربوومی خۆماڵی و دەرەكی بكەن , لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا بڕیاردرا هەموو ئەو خاڵانەی تاوتوێ كران  بەمەبەستی جێبەجێ كردنیان بكرێتە راسپاردەیەك و ئاراستەی پارێزگای سلێمانی و دامەزراوە پەیوەندی دارەكانی حكومەت بكرێت .