عێراق به‌نیازه‌ ده‌ستبكاته‌وه‌ به‌هه‌نارده‌ی‌ خورما

ده‌سته‌ی‌ دارخورما ئاشكرایكرد، به‌رهه‌می‌ خورما له‌وه‌زری‌ ڕابردوودا پێداوێستی‌ ناوخۆیی‌ وڵاتی‌ پڕكردووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی‌ پاڵپشتیكردنی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا، بۆ زیادكردنی‌ به‌رهه‌می‌ خورما.
تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ عێراق له‌زاری‌ (كامیل خه‌ڵه‌ف) سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ دارخورماوه‌ بڵاویكرده‌وه‌، به‌رهه‌می‌ خورما له‌وه‌رزی‌ ڕابردوودا پێداویستی‌ ناوخۆیی‌ پڕكردووه‌ته‌وه‌، وتیشی‌:”وه‌رزی‌ ڕابردوو ته‌نانه‌ت یه‌ك كیلۆگرام خورما هاورده‌ی‌ عێراق نه‌كراوه‌”، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شداوه‌، وه‌رزی‌ ڕابردوو سه‌ره‌ڕای‌ زیادبوونی‌ ڕێژه‌ی‌ به‌رهه‌م، هاوكات جۆره‌كه‌شی‌ باشبووه‌. 
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، زیادبوونی‌ به‌رهه‌می‌ خورما ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هاوكاریكردنی‌ جوتیاران له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵه‌وه‌، له‌ڕێگه‌ی‌ پێدانی‌ قه‌رزی‌ كشتوكاڵی‌‌و دابینكردنی‌ پێداویستییه‌كان، وتیشی‌:”ئێستا به‌رهه‌می‌ خورمای‌ عێراق پێداویستی‌ ناوخۆی‌ پڕكردووه‌ته‌وه‌‌و هه‌وڵی‌ ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌هه‌نارده‌ی‌ خورما ده‌دات”.