بانكی‌ ناوه‌ندی‌ ئاماده‌نییه‌ موچه‌ به‌دۆلار بدات

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌رێم له‌سلێمانی‌ ئاشكرایكرد، بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق پێشنیازێكی‌ ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ موچه‌ به‌دۆلار بدرێت له‌بری‌ دیناری‌ عێراقی‌.
(عه‌بدولڕه‌حمان ساڵح) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌رێم له‌سلێمانی‌ به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، پێشتر په‌رله‌مانتارێك پێشنیازێكی‌ ئاراسته‌ی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق كردووه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ موچه‌ له‌بری‌ دینار به‌دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌ بدرێت، له‌هه‌نگاوێكدا بۆ زیادكردنی‌ دۆلار له‌بازاڕه‌كان‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ به‌ها‌و نرخی‌ دینار له‌به‌رامبه‌ر دۆلار، به‌ڵام بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق پێشنیازه‌كه‌ی‌ ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌.
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق جه‌ختی‌ له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌، عێراق دراوی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ كه‌ دیناره‌‌و مامه‌ڵه‌ به‌و دراوه‌ ده‌كات‌و ئاماده‌نییه‌ مامه‌ڵه‌ به‌دراوی‌ وڵاتانی‌ دیكه‌وه‌ بكات.
پێشتر بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێنی‌ گرته‌به‌ر له‌وانه‌، زیادكردنی‌ فرۆشی‌ دۆلار، له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ به‌ها‌و نرخی‌ دینار له‌به‌رامبه‌ر دۆلاردا.