مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، یەكێكە لەگەورەترین مەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا، كە ساڵ بەساڵ بەهۆی بەهێزبوونی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمو ئێران هێنانی شمەكو كەلوپەل لەو مەرزەدا روو لەزیادبوونە، بەشێوەیەك بەپێی ریزبەندییەكی رەسمی كە ژووری بازرگانیی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامیداوە، لەكۆی 86 مەرزی نێوان عیراقو ئێراندا، دەروازەی سنووری پەرورێزخان بەباشترین مەرز لەڕووی جوڵەی بازرگانییەوە دیاری كراوە. هاوكات بەوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی گەرمیانیش، لەئێستادا (46%)ی مامەڵەی بازرگانی نێوان عیراقو ئێران، لەڕێگەی مەرزی پەروێزخانەوەیە.
زیاتر لەیەك ملیارو 536 ملیۆن دۆلار
لەوچوارچێوەیەدا حسێن ئەحمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی گەرمیان بەكوردستانی نوێی راگەیاند، بەپێی ئەو ئامارەی كە لەبەردەستیاندایە لەماوەی 10 مانگی ساڵی 2010دا، كۆماری ئیسلامی ئێران قەبارەی مامەڵە بازرگانییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستانو حكومەتی عیراقدا زیاتر لەیەك ملیارو 536 ملیۆن دۆلار بووە.
لەدرێژی قسەكانیدا بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان وتی:»هەر بەپشت بەستن بەئامارەكانیان، (46%)ی مامەڵەی بازرگانیی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ عیراقو هەرێمی كوردستاندا، لەڕێگەی دەروازەی سنووری پەروێزخانەوە بووە».
86 مەرزی نێوان عیراقو ئێران
حسێن ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی ریزبەندییەكی ژووری بازرگانی كۆماری ئیسلامی ئێران، لەكۆی 86 مەرزی نێوان هەردوو وڵاتدا (عیراقو ئێران)، دەروازەی سنووری پەروێزخان پڕ جوڵەترین مەرزە بۆ مامەڵە بازرگانییەكان، بەتایبەتیش لەبازرگانیی بوارەكانی بیناسازیو خواردەمەنیو پیشەسازیو چەندین بواری تر.
لای خۆیەوە ئەحمەد زەرداوی بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخانیش باس لەوە دەكات، رۆژانە زیاتر لە 700 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەوڵاتی ئێرانەوە كەلوپەلو كەرەستەی جۆراو جۆری بازرگانیی هاوردەی هەرێم دەكەن، كە كاروبارەكانیان بەشێوەیەكی یاسایی بەڕێوەدەبرێتو گەشەسەندنی مەرزەكەش پەیوەستە بەدۆخی گونجاوی بازرگانیكردن، لەئێستاشدا بەشێوەیەكی زۆرباش كارەكانی بەرێدەكرێن.
بۆچی پەروێزخان لەپێشەوەی مەرزەكانەوەیە؟
بەپێی وتەی شارەزایانی بواری ئابووری، ئیدارەی گەرمیان رۆڵێكی باشی هەبووە لەبەهێزكردنی پەیوەندییەكانو بەڕێوەپێشبردنی مامەڵەی بازرگانی لەڕێگەی دەروازەی سنووری پەروێزخانەوە لەگەڵ وڵاتی ئێراندا.
لەو بارەیەوە ئابووریناس سارا عەلی بۆ كوردستانی نوێی روونكردەوە، بەهۆی پێگەی ستراتیژیی مەرزەكەو هەروەها ئاراستەی رێڕەوی لەوڵاتی ئێرانەوە بۆ ناو هەرێمو نزیكیی مەرزەكە لەناوەڕاستو باشووری عیراقەوە، لەگەڵ كەمی تێچووی بارهەڵگرەكان، هۆكارێكی بەهێزن بۆئەوەی وڵاتی ئێران زۆرترین كاری بازرگانی لەڕێگەی ئەو مەرزەوە بێت، كە لەئایندەشدا چەند ئەوەندە بەهێزتریش دەبێت.
وەفدێكی ئیدارەی گەرمیان لەتاران
لەتازەترین هەنگاویشدا بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمو كۆماری ئیسلامی ئێران، ماوەیەك لەمەوبەر وەفدێكی ئیدارەی گەرمیان سەردانی شاری تارانی پایتەختی ئەو وڵاتەیان كردو چەندین پرسی پەیوەست بەجوڵە بازرگانییەكانو فراوان كردنیان تاوتوێكرا.
یونس جاف سەرۆكی وەفدەكەو جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ كاروباری هونەری بەكوردستانی نوێی راگەیاند، لەكۆتایی مانگی نیساندا وەفدێكی ئیدارەی گەرمیان سەردانی شاری تارانی كردو چەند دیدارێكی بازرگانی ئەنجامدا. «لەو دیدارەشدا جەختمان لەسەر هەماهەنگی كردنو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە، بەتایبەت لەڕێگەی دەروازەی سنووری پەروێزخانەوە».
سەرۆكی وەفدەكە ئەوەشی خستەڕوو، لەسەردانەكەیاندا چاویان بەوەفدەكانی عیراقو پارێزگاكانی تری هەرێم كەوتووەو بەشداریان لەپێشانگای نێودەوڵەتی بازرگانی تاران كردووە، لەڕێگەی پێشانگاكەشەوە توانیویانە ئاشنایەتی بە بەرهەمە خۆماڵییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران پەیدابكەن، بەمەبەستی هێنانیان بۆ هەرێمی كوردستان.
دەروازەی سنووری پەروێزخان كە دەكەوێتە باشوری خۆرهەڵاتی شاری سلێمانییەوە، دەروازەییەكی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستانو كۆماری ئیسلامی ئێرانەو هەفتانە 2500 بۆ 3000 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هاتوچۆی پێدا دەكات، كە زیاتر شمەكو كەلوپەلو خۆراك لەو مەرزەوە دەهێنرێت. هاوكات بەپێی راپۆرتەكانی هەواڵ، زیاتر لەهەزارو 600 كرێكار لەهەردوو بەری ئەو مەرزەدا كار دەكەن.