عیراق یەكێكە لەو وڵاتانەی پێشەنگ بووە لەبەكارهێنانی هێڵی ئاسندا بۆ هاتوچۆ، بەڵام بەهۆی جەنگو سیاسەتی حزبی بەعسەوە، زیاتر لە 30 ساڵە هێلی ئاسنی عیراق گۆڕانكاریی تێدا نەكراوەو ئێستا هێڵێكی كۆنەو بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی تردا زۆر لەدواوەیە، لەتازەترین هەنگاودا كۆمپانیای هێڵی ئاسنی عیراق رایگەیاند، كە پلانێكیان بەدەستەوەیە بۆ نوێكردنەوەی هێڵی ئاسنی عیراق لەماوەی پێنج ساڵدا، خەرجی پڕۆژەكانی ئەو پلانەش دەگاتە 60 ملیار دۆلار، بەڵام جێبەجێ كردنیان بێگرفت نییە.
״ناهەقیان نییە
خۆزگە بەوڵاتان بخوازن״
هادی عەلی بەڕێوەبەری وێستگەی شەمەندۆفێری بەغدای نێودەوڵەتیی بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، پلانی نوێكردنەوەی هێڵی ئاسنی عیراق، بەقەد پلانی پەرەپێدانی كەرتی نەوت گرنگەو ئەگەر جێبەجێ بكرێت، لەڕووی ئابوورییەوە سوودێكی زۆری دەبێت، چونكە ئاسانكاریی دەكات بۆ جموجۆڵی بازرگانییو گەشتیاریی لەوڵاتداو هاتوچۆو سەفەركردنیش زۆر ئاسان دەكات. ئاماژەی بەوەشكرد، كە هێڵی ئاسنی عیراق زۆر كۆنەو گەشتیارو بەكاربەرانی ناهەقیان نییە ئەگەر گلەیی بكەن، چونكە هەركەسێك بچێتە وڵاتانی پێشكەوتوو، چاوی بەشەمەندۆفێرەكانی ئەو وڵاتانە بكەوێت كە بەتەكنەلۆژیای نوێ دروستكراون، خۆزگە دەخوازێت كە شەمەندۆفێرەكانی وڵاتی خۆشمان ئاوا بوایە.
پارەی زیاتری دەوێ
محەمەد عەلی هاشم بەڕێوەبەری بەشی پڕۆژەكان لەكۆمپانیای هێڵی ئاسنی عیراق رایگەیاند، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە كە بڕیارە لەماوەی پێنج ساڵدا تەواو بكرێت، جێبەجێ بكرێت، لەتوانایدا دەبێت 25 ملیۆن تۆن شمەكی بازرگانی بگوازێتەوە، بەڵام گرفتی بەردەم جێبەجێ كردنی پڕۆژەكە نەبوونی داراییە، چونكە پڕۆژەكە 60 ملیار دۆلاری تێدەچێت، بەڵام حكومەت تەنها 175 ملیۆن دۆلاری تەرخان كردووە بۆ سەرجەم پڕۆژەكانی هێڵی ئاسن، ئەو گرفتەش بەدوو رێگە چارەسەر دەكرێت، رێگەیەكیان دەبێ حكومەت پارەی پێویستی بۆ تەرخان بكات، ئەگەر ئەوەش نەكرا رێگەی دووەم دەبێ قەرز لەو كۆمپانیایانە بكرێت كە جێبەجێ كردنی پڕۆژەكە دەگرنە ئەستۆو دواتر بەچەند قۆناغێك قەرزەكە بدرێتەوە.
عیراق دەبێتە ترانزێت
سەبارەت بەئامانجی ئەو پلانە پێنج ساڵییە، بەڕێوەبەری بەشی پڕۆژەكان لەكۆمپانیای هێڵی ئاسنی عیراق رایگەیاند، بەپلەی یەكەم ئامانجی پلانەكە گواستنەوەی ئەو شمەكە بازرگانیەیە كە لەوڵاتانی ئاسیاوە دەهێنرێن، لەبەندەرەكانی باشووری عیراقەوە بۆ زاخۆ لەباكوورو لەوێشەوە بۆ بەناو توركیادا بۆ ئەوروپا، بەو شێوەیەش عیراق دەبێتە خاڵی ترانزێتو لەجیاتی ئەوەی ئەو شمەكانە لەجیاتی ئەوەی دووربكەوێتەوەو گەشتێكی دوورو درێژی پێ بكرێت بۆ نۆكەندی سویسو دەریای ناوەڕاست، ئەگەر لەعیراقەوە بڕوات تەنها 24 سەعاتی پێدەچێت.
10 شەمەندۆفێر كڕدراوە
محەمەد عەلی هاشم ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ فراوانكردنی هێڵی ئاسنی عیراق، شانبەشانی هێڵە كۆنەكەی نێوان بەغداو بەسرە هێڵێكی نوێش دروست دەكرێت بەتێچوونی 700 ملیۆن دۆلار، چاوەڕوان دەكرێت ئەو هێڵە تاكۆتایی ئەمساڵ بكەوێتەكار، بەتەواوبوونیشی توانای گواستنەوەی هێڵەكە بەرزدەبێتەوەو دەگاتە دوو تاسێ هەزار كەس لەڕۆژێكدا، كە پێشتر توانای گواستنەوەی تەنها 250 كەسی هەبووە لەڕۆژێكدا. بەڕێوەبەری بەشی پڕۆژەكان لەكۆمپانیای هێڵی ئاسن وتی:»هەر بۆ پەرەپێدانی هێڵی ئاسنی عیراق لەساڵی رابردوودا حكومەتی عیراق گرێبەستێكی لەگەڵ حكومەتی چین ئیمزاكردووە، بۆ كڕینی 10 شەمەندۆفێر بەبڕی 115 ملیۆن دۆلار، هەریەك لەو شەمەندۆفێرانەش 450 سەرنشین دەگرێتو خێراییەكەی دەگاتە 140 تا 160 كیلۆمەتر لەسەعاتێكدا.
شارە سەرەكییەكان دەگرێتەوە
بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسە درێژیی هێڵی ئاسنی عیراق ئێستا نزیكەی دوو هەزار كیلۆمەتر دەبێت، بەڵام بەجێبەجێ كردنی ئەو پلانە درێژییەكەی دەگاتە 10 هەزار كیلۆمەترو بڕیاریشە هێڵی شەمەندۆفێری عیراق بەڕادەیەك فراوان بكرێت، سەرجەم شارە سەرەكییەكانی عیراق بەوڵاتانی دراوسێوە ببەستێتەوە. عیراق لەو وڵاتانەیە كەپێشەنگ بووە لەبواری بەكارهێنانی شەمەندۆفێرداو یەكەم شەمەندۆفێریش لەعیراقدا لەمانگی حوزەیرانی 1914دا خراوەتەگەڕو كاری پێكراوە، بەڵام بەهۆی جەنگو سیاسەتی رژێمی بەعسەوە زیاتر لە 30 ساڵە ئەو هێڵە گرنگی پێنەدراوەو فراوانكردنو نۆژەنكردنەوەی بەخۆیەوە نەدیوە، ئێستاش هێڵی ئاسنی عیراق لەزۆر شوێنیدا رزیوەو خراپ بووە، هەربۆیە جگە لەوەی خێرایی هاتوچۆ بەشەمەندەفەر كەمدەكاتەوە، مەترسیشی هەیە بۆ سەرنشینەكانیو ئەو بارو شمەكو كاڵایانەش كە پێی دەگوازرێتەوە.
كوردستانی نوێ