ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایكرد، دوای ئه‌وه‌ی بانكی ناوه‌ندی عێراق كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێنی گرتووه‌ته‌به‌ر، پێشبینیده‌كرێت له‌ماوه‌ی داهاتوودا نرخ‌و به‌های دینار له‌به‌رامبه‌ر به‌دۆلاری ئه‌مریكی به‌رزببێته‌وه.
تۆڕی هه‌واڵی عێراق له‌زاری (ئه‌مین هادی) ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه بڵاویكرده‌وه، له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا بانكی ناوه‌ندی عێراق، كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێنی گرتووه‌ته‌به‌ر، له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌ها‌و نرخی دینار له‌به‌رامبه‌ر دۆلار، وتیشی:”له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا دوای ئه‌وه‌ی نرخی (100) دۆلار گه‌یشته (130) هه‌زار دینار، ئێستا نرخی (100) دۆلار دابه‌زیووه بۆ (127) هه‌زار دینار‌و پێشبینیده‌كرێت ورده ورده نرخی دینار به‌رزببێته‌وه”.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بانكی ناوه‌ندی له‌ڕێگه‌ی زیادكردنی فرۆشی دۆلاری ئه‌مریكی له‌بازاڕه‌كاندا، هه‌وڵده‌دات به‌های دینار له‌به‌رامبه‌ر دۆلار به‌رزبكاته‌وه.
بڕیاره دوای ته‌واوبوونی پشوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، وه‌زیری دارایی‌و به‌ڕێوه‌به‌ری بانكه‌كان، بانگهێشتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكرێن، بۆ تاووتوێكردنی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی ناجێگیریی به‌ها‌و نرخی دینار.