رێكەوتنی تورکیا و هەرێمی کوردستان و ئیکسۆن مۆبیل

حکومەتی تورکیا رایگەیاند وڵاتەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و گەورە کۆمپانیای نەوتی ئه‌مه‌ریكی ئیکسۆن مۆبیل رێکەوتووە بۆ ئه‌وه‌ی به‌دوای نه‌وت لەباکووری عێراق ( هه‌رێمی كوردستان)دا بگه‌ڕێت.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی ئەنقەرە بەر لە ئەنجامدانی سەردانە فەرمیەکەی بۆ ویلایه‌تە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا روونیكرده‌وه‌ ” ئه‌و هه‌نگاوه‌ په‌ره‌پێدانێكی زیاتر ئه‌نجامده‌دات”.
ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و رێككه‌وتنه‌و پێگه‌ی گه‌ڕانی، هیچی ئاشكرا نه‌كردووه‌..
بڕیار وایه‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا چاوی به‌ باراك ئۆباما، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بكه‌وێت‌و كۆمه‌ڵێك پرسی نێوده‌وڵه‌تی تاوتوێ بكه‌ن، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ قه‌یرانی سووریا.
ئیكسۆن موبیل، له‌ماوه‌ی رابردوودا گرێبه‌ستێكی په‌ره‌پێدانی كه‌رتی نه‌وتی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان واژۆ كرد و بووه‌ هۆی توڕه‌ بوونی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی‌و داوایان له‌و كۆمپانیایه‌ش كرد خۆی له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا یه‌كلایی بكاته‌وه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌ بلۆكی بێتواتە كە سنووری قەزاكانی (رانیە، رواندوز، سۆران، گوندەكانی خەلیفان و بەشێكی ناحیەی بالیسان) دەگرێتەوە، پشكنین دەكات بۆ دۆزینەوەی نەوت.
بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسانیش دەڵێت “لەسەرەتای ئەم مانگەوە لە بلۆكی بێتواتە كە بەشێكی بالیسان دەگرێتەوە دەستیان بە پشكنین كردووە لە سنووری شارۆچكەكەمان بۆ دۆزینەوەی نەوت”.