” دەستەو ئەنجومەنەكانی ئابوری لە عیراق، بێسودن‌وگرفتیان دروستكردووە”

مەحما خەلیل بڕیاردەری لیژنەی ئابوری‌و وەبەرهێنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: زۆری دەستەو ئەنجومەنەكانی ئابوری، بەبێ‌ ئەوەی هیچ سودێكیان بۆ ئابوری وڵات هەبێت، گرفتێكی زۆریان دروستكردووە. 
رونیشیكردەوە: گەشەپێدان‌و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری وڵات  بە پێكهێنانی دەستەی نوێ‌و ئەنجومەنی ئابوری نایەتەدی‌و ئەو كارەش بەدەر لەوەی بارگرانیەكی زیاتر بۆ حكومەت دروستدەكات جۆرێكیشە لە كات بەفیڕۆدان.
 وتیشی: دەستوری عیراق كە بە گەورەترین رەشنوسی یاسایی دادەنرێت لە وڵاتدا حكومەت پەیوەست دەكات بە هێنانەدی ئابوریەكی بێ كێشەو گەشەكردوو، ئەمەش لەڕێگەی دانانی كۆمەڵێك یاسای گرنگەوە دەبێت كە مەبەست لێی هەمەجۆركردنی وەبەرهێنان‌و گرنگیدان بێت بە كەرتی تایبەت.