نەوتی سوریا بەقاچاغ بۆ توركیا دەبرێت

نائارامی‌و شەڕو پێكادانەكانی ناو سوریا رێگەی بۆ هەندێك لەسەرۆك هۆزو كەسانی ناوخۆیی ئەو وڵاتە خۆشكردوە، كە بەشێوەی قاچاغ نەوت هەناردەی توركیا بكەن.
سایتی (كەناڵی عەرەبیە) بڵاویكردۆتەوە، لەئێستادا بەشێك  لەسەرۆك هۆزو كەسانی ئۆپۆزسیۆن لەرێگەی چەكدارەكانیانەوە دامەزراوە نەوتیەكانی سوریایان كۆنترۆڵ كردوەو خەرێكی مامەڵەكردنێكی سەربەخۆیانەی ئەو بەرهەمەن لەگەڵ كریارانی نەوت لە خاكی توركیا.
ئەوەشی راگەیاندووە، روودانی ئەو حاڵەتانە خەونی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو ووڵاتەی لەباربردوە،  كە بەنیازبوون بۆ پارەداركردنی هێزەكانیان‌و خۆبنیاتنانەوە، نەوتی خاو بەئەوروپا بفرۆشن‌و وڵاتانی خۆرئاواش پشتگیری ئەو بیرۆكەیەیان دەكرد.
لەماوەی دوو ساڵی رابردووداو بەهۆی شەرو پێكادانەكانەوە بەرهەمی نەوتی كێڵگە نەوتیەكانی پارێزگای (دێرزور) بۆ نیوە كەمیكردوەو نەبوونی دەسەڵاتێكی گشتگیر بەسەر ناوچەكەدا وایكردوە پرۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە لەئایندەیەكی نزیكدا كارێكی سەخت بێـت.