وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم تایبەت بەبیمەی بێكاریی راگەیەندراوێكی بڵاوكردۆتەوەو هۆشداریداوەتە دەرچوانی زانكۆو پەیمانگەكان، ئەگەر تاوەكو (17)ی ئەم مانگە فۆڕی بیمەی بێكاری پڕنەكەنەوە، دواتر مافی وەرگرتنی بیمەكەیان نابێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئاگاداری ئەو كەسانە دەكاتەوە كە دەرچووی ساڵی خوێندنی (2011- 2012)ی زانكۆو پەیمانگەكانی حكومی سەر بەدەستەی خوێندنی تەكنیكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتەكانی ترنو تائێستا فۆڕمی بیمەی بێ كاریان پڕنەكردۆتەوە، (17/5/2013) دوا وادەیە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمو ئەنجامدانی مامەڵەی بیمەی بێكاری.
لەراگەیەندراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، لەو بەروارە بەدواوە، هیچ مامەڵەیەكی تازە بۆ بیمەی بێكاریی وەرناگیرێت.
بیمەی بێ كاری یەكێكە لەپرۆژەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لەلایەن وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی جێبەجێدەكرێتو مانگانە بۆ هەر دەرچوویەكی زانكۆو پەیمانگە (150) هەزار دینارەو بۆ ماوەی شەش مانگ پێیان دەدرێت.