حکومەتی عێراق مووچەی کرێکارانی کەم خزمەت ١٠٠% زیاد دەکات

حکومەتی عێراق بڕیاری دا مووچەی ئەو کرێکارانە بە رێژەی 100% زیاد بکات، کە خزمەتیان نییە و مووچەکانیان کەمە، راشیگەیاند بڕیاره‌كه‌ لە یەکی تەمموزەوە کاری پێدەکرێت.
ئەم بڕیارە کەمترین مووچەی کرێکاران چ لە دامودەزگا حکومییەکان یان کەرتی تایبەت بە 250 هەزار دینار دیاری دەکات، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستاش کەمترین کرێی کرێکار، مانگانە بە 120 هەزار دینار خەمڵێنرابوو.
هاوکات حکومەتی عێراق رەزامەندیشی نیشاندا بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و ئاوارەکانی راپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری عێراق، لە پڕۆژەیاساکە کە بۆ پەرلەمانی عێراق نێردراوە تاوەکو بکرێتە بڕیار، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئەمنییەکانیش راسپێردران کار بکەن بۆ دامەزراندن و گێڕانەوەی هەموو ئەو فەرمانبەرانە ، کە بە هۆی لایەنگیری سیاسییان لە سەردەمی رژێمی بەعس و بەهۆی راپەڕینی 1991 لەسەر کار لابراون یان لە کاری حکومی بێبەش کراون.
ئەم بڕیارەی حکومەتی عێراق زیانلێکەتوانی راپەڕینی بەهاری 1991ی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.