ئێكسۆن مۆبیل لە بالیسان چی دەكات؟

سەرەڕای گوشارەكانی حكومەتی عێراق لەسەر كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلی ئەمریكی بۆ راگرتنی كارەكانی لە هەرێمی كوردستان، ئەو كۆمپانیایە زیاتر پەرە بە كارەكانی دەدات و ئێستا لە ناحیەی بالیسان و قەزای رانیە خەریكی لێدانی دوو بیری نەوتە.
ساڵح ئەكرەم، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان، رایگەیاند: كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل لەسەر یەكێك لە زنجیرە چیاكانی ناحیەكەیان نەوت دەردێنێ و لە چەند ناوچەیەكی دیكەش بەدوای نەوتدا دەگەڕێت.
بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی: كۆمپانیای ئیسكۆن مۆبیل لەسەر زنجیرە چیای هەورێ بەدوای نەوتدا دەگەڕێت، بەپێی پشكنینەكانیان نەوت لەو ناوچەیەدا هەیە. رەتیشیكردەوە كە خەڵكی ناوچەكە بەهۆی هەڵكەندنی ئەو بیرە نەوتە زیانیان بەركەوتبێ “چونكە ئەو بیرەی لێیدەدەن لەسەر چیایە و چیاش موڵكی حكومەتە”. گوتیشی “هەموو كارئاسانییەك دەكەین بۆ پڕۆژەكە”.
بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بە ئومێدی ئەوەیە بەهۆی دۆزینەوەی نەوت لە ناوچەكەیان زیاتر پەرە بە ناوچەكەیان بدرێت و خزمەتگوزاری زیاتریان بۆ دابین بكرێ.
ئێكسۆن مۆبیل، لە كرۆكی بێتواتە كە سنووری قەزاكانی (رانیە، رواندوز، سۆران، گوندەكانی خەلیفان و بەشێكی ناحیەی بالیسان) دەگرێتەوە، پشكنین دەكات بۆ دۆزینەوەی نەوت، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسانیش دەڵێت “لەسەرەتای ئەم مانگەوە لە كرۆكی بێتواتە كە بەشێكی بالیسان دەگرێتەوە دەستیان بە پشكنین كردووە لە سنووری شارۆچكەكەمان بۆ دۆزینەوەی نەوت”.
بەپێی هەواڵێكی (رووداو) ئێكسۆن مۆبیل لە سنووری بێتواتە بە دوو تیمی جیاواز كار دەكات و تیمێكیان پشكنین دەكات بۆ دۆزینەوەی نەوت و تیمەكەی دیكەش بیری نەوت هەڵدەكەنێت. بڕیاریشە كەمپێكی كاركردن لە سنووری ناحیەی حاجیاوای سەر بە قەزای رانیە دروستبكەن.
ئێكسۆن مۆبیل، لە گوندی گوڵانی شارۆچكەی سەركەپكانی سەر بە قەزای رانیەش بیرە نەوتێك هەڵدەكەنێت، بەڵام تا ئێستا دەستی بەكارەكانی نەكردووە. ئاسۆ حەمەد دانیشتووی گوندی گوڵان، بە (رووداو)ی راگەیاندوە”ئەو بیرە نەوتە لە گەرووی (فەقێ بەلەتێ) لێدەدرێت و دەكەوێتە سنووری گوندەكەمان، بەڵام تائێستا دەستی بە كارەكانی نەكردووە، تەنیا ناوی هەندێ كەسیان لە گوندەكە نووسیوە بۆ كاركردن لە پرۆژەكە”.
ئاسۆ وتیشی “داوامان لە ئیدارەی شارۆچكەكە كردووە كە دەبێت كار بە خەڵكی ئێمە بكرێت و پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان بۆ بكرێت، بەتایبەت فراوانكردنی رێگاوبان، لەبەرئەوەی قەرەباڵخی زۆر دەكەوێتە سەر رێگاكە، هەروەها قەرەبووی ئەو كەسانەش بكرێتەوە كە زیانیان بەردەكەوێت، چونكە زەوییەكی زۆری خەڵكەكە بەر پڕۆژەكە دەكەوێت”.